Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
11 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای هەولێر رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە ساختەکاری کراوە و بە ئەلیکترۆنی دەستکاری ئەنجامەکان کراوە.
ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەجید حەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە هەولێر رایگەیاند "بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەدوای هەڵبژاردنەکان لە هەولێر بەدەستمان گەیشت یەکێتی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەرچوار کاندیدەکەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێنابوو بۆ دەرچوون سەرباری فشار و بەکارهێنانی هێز و ترساندن لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کەچی لەدواییدا ئەنجامەکان دەستکاری کران".
گوتیشی: "وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر رایدەگەیەنین، ئەنجامەکان دەستکاری کراون و باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە دوێنێ شەو، راگەیاندنەکان هەتاوەکو کاتژمێر ١٠ ژمارەیەکیان بڵاوکردەوە و لەدوای کاتژمێر دوو بەدواوە ژمارەیەکی دیکە بڵاوکرایەوە. لە هەرچوار بازنەکەی پارێزگای هەولێر یاریی بە ئەنجامەکان کراوە و دەنگی کاندیدەکانی یەکێتی و هاوپەیمانی و بەشێک لە لایەنەکانی دیکە سووتێنراون و کەمکراونەتەوە، واتە ئامێرەکان دەستکاری کراون، هەروەها پێچەوانەی بڕیار و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن هێزی چەکدار بەکارهێنراوە و لەکاتی گواستنەوەی سندوقەکان و ناردنی ئەنجامەکان نوێنەرەکانی ئێمە لێدراون و دوورخراونەتەوە".
ئەندامەکەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی راشیگەیاند "بەووردبوونەوە لە ئەنجامەکان، روون دەبێتەوە ئەم دەنگانە دەنگی راستەقینە نین و بە ئەلیکترۆنی داخڵکراون، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر رەتدەکەینەوە و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکان دەکەین".
مەجید حەمەد دەربارەی ئەو بەڵگانەی یەکێتی سکاڵای پێ تۆمارکردوون رایگەیاند "هەندێک ڤیدیۆمان لایە کە بە ئاشکرا دەردەکەوێت جیهازی دەنگدان چەند جارێک لە بنکەکە دەبرێتە دەرەوە و دەیهێننەوە ژوورەوە، بەڵگەی راستەقینەشمان هەیە هەندێک لە سندوقەکان قردێلەی کۆدەکانیان بچرێنراوە".
گوتیشی: "سکاڵامان تۆمارکراوە و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکان دەکەین، بەغدا هەرچی گوت ئێمە قبوڵی دەکەین، چونکە ئێمە حزبێکین بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین".
ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەجید حەمەد دەربارەی ئەوەی زۆرترین گلەییان لە کام بازنەیە رایگەیاند "لە هەرچوار بازنەکەی هەولێر ئەو ساختەکارییانە هەبووە، بەڵام لە بازنەی سێ و بازنەی چوار زۆر بە زەقی کراوە. لە بازنەی یەک گەورەترین گلەییمان هەیە، کاندیدەکەی ئێمە ٢٨ هەزار دەنگی هێناوە و دەرچووی ژمارە سێیە فەرموون با بێن بیژمێرنەوە و ئەو کێبڕکێیەمان قبوڵە".