Zana Natık Kerem
22 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی ناڕازیی شیعە لە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان لەخۆدەگرێت، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی گەیشتە ھەولێر.
شاندەکەی چوارچێوەی ھەمانگیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لەلایەن ھەریەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان ـ کوردستانی و عێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و نوێنەری بارەگای بارزانی، عەرەفات کەرم پێشوازیی لێکرا.
شاندەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە سەردانەکەی بۆ ھەولێر، بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو، لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆدەبێتەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت کە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەت دەکەنەوە.