Hemin Hüseyin
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر-AA
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق: "ئەم پرۆتۆکۆڵە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوولا هەیە و دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و لە کۆتاییدا هەردوولا ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەکەین کە پەیوەندی بەسوود وەرگرتن هەیە لە بواری تەکنەلۆژیا و بە ئەلیکترۆنیکردنی قوتابخانەکان".
شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژو کرا و وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر هۆکاری سەردانەکەی شاندی کۆماری ئیسلامیی و بە سەردانێکی زانستیی وەسفی کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان سادق گوتی: "ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئەو شاندە کۆمەڵێک کەسی باڵای تێدایە کە لە بوارە جیاجیاکان کار دەکەن و ئەمڕۆ پڕۆتۆکۆڵێک لە نێوان وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی ئێران واژو دەکەین سەبارەت بە هاوکاری و هەماهەنگی لە بواری پەروەردەیی".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پشتیوان سادق گوتیشی: "ئەم پرۆتۆکۆڵە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوولا هەیە و دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگربگرین و لە کۆتاییدا هەردوولا ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەکەین کە پەیوەندی بەسوود وەرگرتن هەیە لە بواری تەکنەلۆژیا و بە ئەلیکترۆنیکردنی قوتابخانەکان و راهێنانی مامۆستایان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵە زانسییەکان و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە".
دواتر شاندی وەزارەتی کۆماری ئیسلامیی گوتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشی دوو ساڵ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانی کردووە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی زانستییان کردووە.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی زەرفشان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "دوای ئەوەی شاندی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێمەی کرد و گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە پێویستە سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرین و شاندی هەرێمیش بە پیویستییان زانی ئەو پەیوەندییە بەردەوام بێت و ئەمڕۆش کۆمەڵێک کەسی شارەزا لەناو شاندەکەی ئێمەدا هەیە و تاوتوێی بابەتەکان دەکەین".
شاندەکەی ئێران پێکهاتبوو لە بریاری وەزارتی پەروەردەی ئێران عەلی زەرفشان و راوێژکاری باڵای وەزیری پەروەردەی ئێران فەهمی دادگەری و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئازەربایجانی غەرەبی فەرەیدوون سەید مستەفەوی و و کۆمەڵێک شارەزا و پسپۆڕانی بواری پەروەردە.