Sangar Hamad Azeez,Ramal Mahmood
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
تورکیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە هەمبەر هەڵگیرسانی شەری مەزهەبی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ.
هەفتەی رابردوو نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، برێت مەکگورک لە ئەنقەرە بوو و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسی لە کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرد سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە پشتیوانی سەربازانی ئەمریکا ناحیەی گەیارە (٥٥ کیلۆمەتر باشووری مووسڵ)یان لە داعش پاککردەوە.
بڕیارە لە باشووری مووسڵەوە سێ هێز هێرش بکەن و لە رۆژهەڵات و باکووریش هێزەکانی پێشمەرگە پشتیوانی سوپای عێراق دەکەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە سەربازییەکانی عێراقەوە دەستی خستووە، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، تورکیا پێنج پەیامی ئاراستەی واشنتۆن کردووە.
یەکەم پەیامی سەبارەت بە قەزای میژوویی تورکمانەکان تەلەعفەر بوو.
ئەمریکا گرەنتی ئەوەی بە تورکیا داوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی ناچنە ناو شاری مووسڵەوە هاوکات ئەوەیشی بە تورکیا راگەیاندووە قەزای تەلەعفەر کە گەورەترین قەزای سەربە پارێزگای مووسڵە بۆ حەشدی شەعبی جێناهێڵێت.
تورکیا رایگەیاند کەوا پشتیوانی تورکمانە شیعە و سووننەکانی تەلەعفەر دەکات بۆ ئەوەی بەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە قەزاکە هاوکات هۆشداری ئەوەیشی داوە کە بوونی چەکداری شیعە لە قەزاکە دەبێتە هۆی نانەوەی گرژی.
دووەم هۆشداری تورکیا بۆ ئەمەریکا ئەوەبوو کە رێگە نەدات حەشدی شەعبی تەلەعفەر بکاتە ناوەندی مەزهەبی بەیەکگەیاندنی سووریا-عێراق-ئێران.
کاتێک کە داعش مووسلێ داگیر کرد چەکدارانی شیعە ئەو قەزایەیان کردبووە ناوەندێک بۆ بەیەکگەیاندنی سووریا-عێراق-ئێران.
سنوورەکانی قەزای تەلەعفەر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دایە هەربۆیەش هاوپەیمانێتی چەکدارانی شیعە - پەکەکە پێویستی بە سنووری شنگال دەبێت بۆ ئەوەی بەرەو سووریا بکشێتەوە.
حەشدی شەعبی کارئاسانی دەکات بۆ چەکدارانی پەکەکە تاوەکو هێزەکانیان لەنێوان عێراق و سووریا بگوازنەوە.
لە ئێستادا بەپێی زانیارییەکانی هەواڵگری تورکیا، پەکەکە لە ژێر باڵی حەشدی شەعبی نزیکەی هەزار هاووڵاتی ئێزدی ناوچەکەی چەکدار کردووە.
هەربۆیەش تورکیا حکوومەتی ئەمریکای ئاگادارکردەوە لە هەنگاوەکانی بەهێزکردنی سنووری ئێران - سووریا.
- ئەگەری هەیە پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە
پەکەکە لە ئابی ٢٠١٤دا وای نشان دا کە پێویستە رووبەڕووی داعش ببێتەوە هەربۆیە چووە ناو شنگال و دوای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکانیش نەگەڕایەوە و لەوێ مایەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەکەکە خاکی عێراق بەجێ بهێڵێت وەکو بەرلەهاتنی داعش ناوچەکە رادەستی ئەوان بکاتەوە.
بەهێزبوونی چەکدارانی شیعە لە تەلەعفەر، بەکارهێنانی پەکەکە بۆ بوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای شنگال هاوسێی تەلەعفەر لاواز دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەردەوامی بەمانەوەی خۆی بدات لە شنگال.
ئەنقەرە بە ئیدارەی ئەمریکای راگەیاندووە کە چاوەڕێی ئەوە دەکات واشنتۆن بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت، و راشیگەیاندووە بە بوونی پەکەکە لە شنگال رازی نابێت.
نزیکەی نیوەی رووبەری قەزاکە لەژێردەستی داعش دایە، ناوەندی شار و ئەو بەشەی قەزا کە دەکەوێتە سنووری سووریا لەژێردەستی پەکەکە دایە. ناوچە شاخاویەکانی قەزاکەش لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە دایە.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەیەککاتدا بۆسەر سەرچاوەی هێزی داعش کە رەققە و مووسڵە، بۆ ئەنقەرە گرنگی تایبەتی هەیە.
بەرپرسە باڵا ئەمنییەکانی ئەنقەرە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوکات بەهەماهەنگی بۆسەر ئەو دوو خاڵە لێدانی گورزی کوشندە و لەناوبەر بۆسەر داعش پێشدەخات.
ئەگەر ئەمریکا تەنها گرنگی بدات بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر داعش لە مووسڵ، ئەوا چەکدارانی داعش لەوێوە هەڵدێن و لە رەققە تەنانەت ئەگەری هەیە لە باب-یش خۆیان کۆبکەنەوە.
بەوهۆیەوە تورکیا هۆشداری داوە بە ئەمریکا لەکاتی هەنگاونانی بۆ رزگارکردنی مووسڵ، کە ناکشێتەوە بۆ نزیکبوونەوە لە قەزای بابی سووریا لە میانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا.
لەسەر داوای ئیدارەی عێراق، تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ناوچەی بەعشیقەی مووسڵ دەستیکردووە بە مەشق و راهێنانی سەربازی بە کەسە خۆبەخشەکانی ناوچەکە. تاکو ئێستا نزیکەی سی هەزار کەس مەشق و راهێنانیان تەواو کردووە. تەواوی ئەو خۆبەخشانە خەڵکی مووسڵن و چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان. بەڵام حکوومەتی عێراق لەژێر هەژموونی گرووپە شیعەکان، بەهۆی سووننە بوونی ئەو سەربازە خۆبەخشانە نایەوێت لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ و قۆناغی دواتردا رۆڵیان هەبێت.
بەرپرسە باڵاکانی تورکیا ئەوەیان بەبیر هاوتا ئەمریکییەکانیان هێناوتەوە کە سوپای عێراق لە مووسڵ هەڵاتووە و بۆ داعش بەجێی هێشتووە، ئاماژەشیان بەوە داوە کە چەکدارانی شیعە هاوشێوەی ئەلقاعیدە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بە توندڕەوی و پەرگیری گۆشکراون.
بەرپرسە باڵاکانی تورکیا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکان بەردەوام جەختیان لەوە کردۆتەوە کە "مووسڵ هی مووسڵییەکانە"، ئاماژەشیان بەوە داوە یەکە تۆپهاوێژەکانی بەعشیقە-ش لە ئامادەباشیدان بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکان لەکاتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ.