Zana Natık Kerem
24 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح كۆبوویەوە كە لە میانیدا هەردوولا چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال-یان تاوتوێ كرد.
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەرهەم ساڵح پێشوازی لە شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی كردووە و دواتر كۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەركۆمار بەرهەم ساڵح جەختی كردوووتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە پشت بەستن بە دەستوور و یاساکان، هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال.
لە راگەیەندراوەكە ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە كە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لەڕێگەی لێكتێگەیشتنێكی جددی و خواستی هاوبەش بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی بەدی دێت و جەختیكردووەتەوە كە گرنگە پرسەكانی دارایی بە شەفافی چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی مافی سەرجەم عێراقییەكان و شایستە دارییەكان و مووچەی فەرمانبەران دەستەبەر بكرێت.
راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا پێشهاتەكانی سیاسیی و ئابووریی و هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشیان تاوتوێ كردووە، هەروەها گفتوگۆشیان کردووە سەبارەت بە لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و هاوكارییەكانی نێوان حكوومەتی فیدرال و هەرێمی كوردستان لەو بوارەدا.
دوێنێ سێشەممە بەئامانجی درێژدەدان بە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال، تایبەت بە چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیران قوباد تاڵەبانی، گەیشتبووە بەغدا كە لە میانیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كۆبوویەوە.