Rewa Mahmood Hasan
24 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دوای ڕاوێژو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا تایبەت بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاریدا و لەوبارەیەوە گشتاندنێکی نوێ بڵاوکرایەوە کە خۆی لە چوار بڕیاری نوێدا دەبینێتەوە.
بڕیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
١- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردن و بەدواداچوونی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دراون و بە نووسراوی ژمارە ١٢٥ لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەتدا، گشتاندنیان بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان پێ کراوە.
٢- لە ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠وە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا رادەگیرێت و هاووڵاتییان بەپێی رێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتوچۆی بازاڕ بکەن.
٣- دابەشکردنی مووچە لە رۆژانی ئایندەدا دەستپێدەکات و لەکاتی پێویستدا فەرمانگە و خەزێنەو بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی مووچە بەهەمان رێکارو رێنمایی تەندروستیی لەو رۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت، مووچە دابەش دەکەن.
٤- پێویستە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی هەمان ئەو بڕیارو رێکارو رێنماییانە جێبەجێ بکەن، کە لەم نووسراوە و نووسراوی ژمارە (١٢٥)ی رۆژی (٢٠/ ٦/ ٢٠٢٠)ی پارێزگای سلێمانیدا دیاریکراون و بەپێی تایبەتمەندیی سنوورە کارگێڕییەکانیشیان دەسەڵاتی تەواویان هەیە رێکاری تر بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگرنەبەر.