Heman Hussein Yaseen
16 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2025
هەولێر - AA
بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەوە، دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا داتا و ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو کە تایبەتن بە پرسی ژینگە و لەم چوارچێوەیەشدا بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی هەرێم، لەماوەی ڕابردوودا لە هەولێر ٦٠ پاڵاوگە و لە دهۆک ١٣ پاڵاوگە داخراون، هاوکات سێ هەزار و ١٨ دۆسیەی سەرپێچیکارانی ژینگە ڕێکاری یاساییان گیراوەتەبەر.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لوقمان شێروانی ڕایگەیاند: "یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە چاودێریکردن و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی پیشەسازی، وەربەرهێنان، بازرگانی، کشتوکاڵی و تەندروستییە، لە میانی ساڵی ڕابردوودا ڕەزامەندی بە دوو هەزار و ٨٣٢ پڕۆژە دراوە، هاوکات ٢٥ پڕۆژەش ڕەتکراوەتەوە".
لوقمان شێروانی گوتیشی: "بەپێی یاسا دەسەڵاتی ئەوەمان ھەیە ڕێگریی لەو کەسانە بکەین کە سەرپێچی ژینگەیی دەکەن و لەم چوارچێوەشدا لەمیانی ساڵی ڕابردوودا، سێ ھەزار و ١٨ دۆسیەمان ھەبووە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی کە سەرپێچی ژینگەیان ئەنجامداوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، هاوکات پێنج ھەزار و ٣٤٩ شوێن پشکنین و بەدواداچوونی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە پیسبوونی ژینگە بکرێت".
یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێم بوونی پاڵاوگەکانە و لەماوەی ڕابردووشدا زۆرترین قسە و باسی لێوەکرا و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لوقمان شێروانی گوتی: "لەکۆی ١٣٨ پاڵاوگە لە هەولێر ٦٠ پاڵاوگە داخراون و دەبێت دووبارە پابەندی ڕێنماییەکان بن بۆ دەستبەکارکردنییان، هەروەها لە پارێزگای دهۆک ١٣ پاڵاوگە هەبوون هەموویان داخراون و ئەوانیش دەبێت دووبارە ڕێنماییە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەنعان عەبدوڵڵا گوتی: "کار و چالاکییەکانی دەستەکەمان دابەشکراوەتە سەر فەرمانگەکان و لەم چوارچێوەیەشدا بە بایەخەوە دەڕوانینە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کەمکردنەوەی دەرھاوێشتەکانی گازە زیانبەخشەکان بۆ ناو ھەوا لە ڕێگای ھەڵگرتن و داخستنی پاڵاوگەکان و ھەنگاونان بەرەو کارەبای ٢٤ کاتژمێریی لە ڕیگای پڕۆژەی ڕووناکی کە لەم ڕێگایەوە زیاتر لە حەفت ھەزار مۆلیدە ھەڵدەگیرێن و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەرێم هەیە".
بڕیاری ڕۆژی ژینگەی هەرێم لە دانیشتنی ژمارە ٥ی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان – عێراق دەرچووە و ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێک کراوە بە ڕۆژی ژینگە و سەرچاوەی بەروارەکە بریتییە لەو بۆردوومانکردنەی ناوچەی بالیسان و شێخ وەسان لە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ١٩٨٧ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس کە زیاتر لە ٣٠٠ قوربانی لێکەوتەوە و بووە هۆی سووتاندنی سەدان دار و درەخت و لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵ و خاپوورکردنی کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو.