سياسەت, عێراق

شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واژووکردنی کۆتایی لەسەر رێککەوتتی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەند سەردانی بەغدا بکات.

Fahrettin İbrahim  | 01.12.2019 - نوێکردنەوە : 02.12.2019
شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرەڕای ئەگەری پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەڵوەشاندەنەوەی حکوومەتی ناوەندی لە لایەن پەرلەمانەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واژووکردنی کۆتایی لەسەر رێککەوتتی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەند سەردانی بەغدا بکات.

هەفتەی رابردوو شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە هەریەکە لە وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری پلاندانان دارا رەشید سەرپەرشتییان دەکرد، سەردانی بەغدایان کردبوو و راگەیەندرا کە رێککەوتێکی بەرایی لەسەر پێدانی بەشە بوودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 کراوە.

بەپێی رێککەوتنە بەراییەکەی نێوان هەرێم و بەغدا، هەرێم لەسەرێتی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی حکوومەتی هەرێم بە قەرزەکانی رابردووشەوە، لەسەر بەغدا دەبێت بۆ رەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات.

بەپێی زانیارییەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەکەی حکوومەتی هەرێم دەگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە و ئەگەری زۆرە واژووی کۆتایی لەسەر رێککەوتنەکە بکرێت.

سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم لەکاتێکدایە کە خواستی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێ و دەنگی لەسەر دەدرێ و لەئەگەری پەسەندکردنی، ئەوە حکوومەتی ناوەدنی عێراق هەڵدەوەشێتەوە و حکوومەتێکی کاربەڕێکەر یان هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەگەر بەهەێزەکانی کایەی سیاسی عێراق دەبن.

لەبارەی چارەنووسی رێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، خالید شوانی لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، ئه‌گه‌ر ئه‌وان رێكبكه‌ون لەگەڵ حکوومەتدا رێكده‌كه‌ون نەوەک لەگەڵ کەسەکاندا و گوتی: "عادل عەبدولمەهدی تائێستا سەرۆکوەزیرانی عێراقە، پێش رووداوه‌كان ناکەوین، بەڵام ئێمە ئەوەی پەیوەست بێت بە رێککەوتنەکەمانەوە بەردەوام دەبین لە دانوستانەکانمان، تا ئەو لێکتێگەیشتنانەی هەمانە بیگوازینەوە بۆ رێککەوتنی کۆتایی".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın