Sarmand Hameed
18 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی رایگەیاند کە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو و ئەو بارودۆخەی کە دروست بوو لێکدوورکەوتنەوەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا روویدا، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تەواوی نەپچڕا. هاوکات دزەیی پێشوازی لە هەنگاوی حکوومەتی تورکیا کرد کە لەکاتی گرفتەکانیشدا دەروازە سنوورییەکانی دانەخست و بۆرییەکانی نەوتیشی نەگرتەوە.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەفین دزەیی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەو بووە و لە ساڵی ١٩٩١ ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بووە، دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو بە هۆی ئەو لێکتێنەگەیشتن و ئەو بارودۆخەی کە دروست بوو لێکدوورکەوتنەوەیەک روویدا، هەرچەندە پەیوەندییەکانمان بە تەواوی نەپچڕا و خۆشبەختانە لەکاتی گرفتەکانیش حکوومەتی تورکیا دەروازە سنوورییەکانی دانەخست و بۆرییەکانی نەوتیشی نەگرتەوە، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوەی حکوومەتی تورکیا دەکەین".
گوتیشی: "هیوادارین سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بە فەرمی بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرکۆماری تورکیا لەدوای گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا هەنگاوی یەکەم بێت بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان چونکە پەیوەندییەکانمان نەپچڕاوە و پەیوەندییەکانمان لە ئاستی جاران باشتر ببێت".
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرژەوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان زۆر زیاترن کە گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز لە نێوان هەردوولادا هەبێت و گوتی: "پێموایە ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوانماندا هەبووبێت بەرژەوەندییەکانمان زۆر زیاترن لەوەی گرفت و ناکۆکی و خاڵی لاواز لەنێوانماندا هەبێت و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا دیداری باش لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت و هەردوولا بتوانین هاوکار بین لەگەڵ یەکتر بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندی دوولایەنە و ئاسایش و سەقامگیری لەناوچە".
دزەیی نیگەرانی دەربڕی لە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان و رایگەیاند کە بوونی ئەوان لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن و بە رەزامەندی خەڵکی ناوچەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەفین دزەیی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پەکەکە بەزۆر خۆی لە ناوچانەدا سەپاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە نزیکەی ٣٠٠ گوندی ناوچەکە چۆڵ بکرێت ئەو ناوچانە وەک پێویست ئاوەدان نەکرێنەوە و خەڵکەکەیشی ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردنە ئامانجی خاکی تورکیا و ئێران لە لایەن پەکەکە و چەکدارانی دژبەری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانەوە، رەت دەکاتەوە.