Ali Makram Ghareeb
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
کەرکووک- AA
سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن توران لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە تورکمانەکان بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق ناکەن.
حەسەن توران ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە بەرەی تورکمانی بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و یاساییەکانی تورکمانەکان لە عێراق دامەزراوە.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن توران جەختی لەوەشکردەوە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، هەوڵیانداوە لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە تورکمانەکان پشتگوێ بخەن و گوتی: "رێگە نادەین تورکمانەکان کە سێیەم پێکهاتەی سەرەکی وڵاتن وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".
- لە قۆناغی نوێدا بەرەی تورکمانی بەهێزتر دەبێت
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن توران جەختی لەوەکردەوە کە لە پێناوی بەهێزترکردنی پێگەی تورکمانەکانی عێراق، بەرەی تورکمانی لە قۆناغی ئایندەدا پتەوتر و فراوانتر دەبێت و گوتی: "پێویستە تورکمانەکان لە هەموو بوارەکاندا بەهێزبن. لە پێناوی ئەوەدا کە ببینە خاوەنی بڕیار لە عێراق-دا، ئامێز بۆ تەواوی رێکخراو و حزبە تورکمانییەکان دەکەینەوە و یەکڕیزیمان بەهێزتر دەکەین".
- مەترسی پارچە پارچەبوونی عێراق
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن توران ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرچەندا تورکمانەکان زۆرترین بەرگرییان لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کردووە، بەڵام رووبەڕووی دوولەتبوونی مەزهەبی بوونەتەوە و گوتی: "لە تەلەعفەر شەڕی براکوژییان لەنێوان تورکمانە سوننە و شیعەکان دروستکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون".
حەسەن توران جەختی لەوەشکردەوە کە داگیرکارییەکانی داعش بۆسەر ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانەکانیان تورکمان بوون کارێکی پلان بۆداڕێژراو بووە و وای کردووە هەزاران تورکمان ماڵ و حاڵیان بەجێ بهێڵن و هەتا ئێستاش وەک ئاوارە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق درێژە بە ژیان بدەن.
رۆژی شەممەی رابردوو، بەرەی تورکمانی عێراقی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی پارتەکەدا دا و بەوپێیە، حەسەن توران بووە سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی کە لە ساڵی ٢٠١١وە لەلایەن ئەرشەد ساڵحی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرا.