Zana Natık Kerem
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ماجیدە تەمیمی رایگەیاند کە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، ئامادەکراوە بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگی لەسەر بدرێت و ئاماژە بەوەیش دەکات کە پێشبینی دەکەن لە میانی دوو رۆژی داھاتوودا پڕۆژەیاساکە، بخرێتە دەنگدانەوە.
ماجیدە تەمیمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردووەوە، لیژنەی دارایی رەشنووسی یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە و لەو بەروارەوە، پڕۆژەیاساکە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و گوتی:
"پێشبینی دەکەین لە میانی دوو رۆژی داھاتوودا، پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بخرێتە دەنگدانەوە".
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پشکی ھەرێمی کوردستانی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، پەسەندکرد.
بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر ژمارەیەک ماددەی دیکەی نێو پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، نەیتوانی پڕۆژەیاساکە بخاتە دەنگدانەوە.