Heman Hussein Yaseen
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
ھەولێر - AA
کاتژمێر ١٤:١٥ی ئەمڕۆ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەچێتە کۆشکی ئەلیزێ و لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێ دەکرێت.
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و بەپێی ئەو کارنامەیەی کە کۆشکی ئەلیزێ بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ١٤:١٥ی ئەمڕۆ، سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکڕۆن لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکات و کۆبوونەوەی دووقۆڵییان دەبێت و نانی نیوەڕۆش بەیەکەوە دەخۆن.
لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ئەمە چوارەم دیداری سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەبێت کە سێ جاریان لە پاریس و جارێکیش لە بەغدا دیدارییان ھەبووە.
ھاوکات دوێنێ دووشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە "بە بانگھێشتی فەرمی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سبەی سێشەممە، سەردانی فەڕەنسا دەکات و لە کۆشکی ئەلیزێ لە پاریس لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆدەبێتەوە".