Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2024
هەولێر - AA
شاندێکی بازرگانانی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێریان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ بازرگانان کۆبوونەوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ڕەخساندنی زەمینەسازییە بۆ وەبەرھێنەرانی تورکیا بۆ ئەوەی لە سێکتەرە جیاوازەکان وەبەرھێنان لە ھەرێم بکەن.
شاندەکەی بازرگانانی تورکیا لە ٣١ شاری تورکیاوە و بە کۆمپانیای جیاوازەوە ھاتوون، لێرە لەگەڵ بازرگانانی ھەرێم کۆبوونەوە و لە نزیکەوە بیر و ڕا و پڕۆژەکانییان لە بواری کەرتی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و بە گشتی وەبەرھێنان خستەڕوو.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی عێراقی - تورکی، خالید ئاجار، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کرد و لەگەڵ ئەندامانی ژوور و بازرگانان کۆبوونەوە و بڕیارە دواتر دیداری دوو بە دوو لە نێوان بازرگانان بەڕێوەبچێت.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ھەولێر کامەران سەڵاح باجگر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر سەردانەکەی شاندی میوان و گوتی: "تورکیا وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەم سەردانەدا ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە بازرگانانی تورکیا ھانبدەین بۆ ئەوەی بێن وەبەرھێنان لە بوارە جیاجیاکاندا بکەن بە تایبەت کە ھەرێمی کوردستان دۆخێکی سەقامگیریی ھەیە و ئەمەش ھۆکارە بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی و وەبەرھێنان".
کامەران سەڵاح باجگر گوتیشی: "لە ساڵانی ڕابردوودا بە ملیارات دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانمان دا ھەبووە، ئێستاش دەمانەوێت پەرە بەو پەیوەندیانە بدەین و، ھەمووکاتێک ئامادەی ھاوکاری و ھەماھەنگی بازرگانان و پیاوانی خاوەنکارین".
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی عێراقی تورکی، خالید ئاجار لەبارەی سەردانەکەیانەوە گوتی: "ئێمە بە ژمارەیەک کۆمپانیای جیاوازەوە ھاتووین کە لە بوارەکانی بەرھەمھێنان، خۆراک، ئاژەڵداری و کەرەستەی پێویستەوە کار دەکەن، ھۆکاری سەردانەکەمان ئەوەیە کە پەیوەندیيە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێم بەرەو پێشەوە ببەین، ئێمە وەک نوێنەری پێشخستنی بازرگانی دەرەوەی تورکیا، ھەروەھا نوێنەرایەتی کەرتی تایبەتیش دەکەین".
خالید ئاجار گوتیشی: "ژووری بازرگانی بەشێوەیەکی جوان پێشوازیان لێکردین و دیداری دوو بە دوو دەکەین، ئێستا ٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانماندا ھەیە و ئامانجمان ئەوەیە ئەو ژمارەیە بەرزتر بکەینەوە، ھەروەک سەرکۆمارمان لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵ سەردانی عێراقی کرد، ئەم سەردانە باش بوو بۆ پێشخستنی بازرگانی نێوانمان کە تیاییدا ڕێککەوتننامەیەکی ٢٦ خاڵیی واژوو کران، لەسەر ئەم بنەمایەش ئامانجمان ئەوەیە کە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان پەرە پێبدەین".