Abdullah Abdulmanaf Shukur
05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ماتیوو تولەر کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە فاکتەرێکی ھاوکار دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و یارمەتیی حکوومەتی داھاتووی عێراق دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و بەدەنگەوەچوونی داواکاریی خۆپیشاندەران لە ژیان و ئایندەیەکی باشتر کە شایستەی گەلانی عێراق بێت.
ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکان و راسپاردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق تاوتوێ کرا و ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئارامی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و راستەڕێبوونی پرۆسەی سیاسی لە وڵات کردەوە.
لە پاڵ ئەمەش دیداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە داڤۆس، داھاتووی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا، ئاڵۆزی و گرژییەکان، پێشھاتەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و کاریگەریی رووداوەکان لەسەر دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، ھەوڵدان بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە، مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی، پێویستیی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامیی ھاوکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر و چەند پرسێکی دیکەی مایەی بایەخی ھەردوولا، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.