Zana Natık Kerem
04 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن، عەبد مونعم عودات پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی پێشوازیی لە عەبد مونعم عودات کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە دیدارەکەدا وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان، جەختیکردووەتەوە لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردن و ھەروەھا ھەوڵەکانی شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەمی کردووە لە گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
باس لەوەشکراوە کە ھەر لە دیدارەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەیشداوە کە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و عەممان، رەنگدانەوەی ئەرێنی لە سەقامگیری ناوچەکە و بەدیھێنانی هاوبەشیی ستراتیجی ئابووریی دەبێت و ھەروەھا ھانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئوردنی داوە کە کار بکەن لە پێناو ئاسانکاری بۆ پڕۆسەی تەواوکاریی دووقۆڵیی و ھەرێمی کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و ئوردن دەستیان پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی دیدارەکەدا رایگەیاندووە، لەئێستادا عێراق بە ئاراستەی باشبوون و ئاساییکردنەوە ھەنگاو دەنێت، ئەوەیش دوای ئەوەی بە رەوشێکی سەختدا تێپەڕبوو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن، عەبد مونعم عودات رایگەیاندووە کە ئەوان خوازیارن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق پتەوتر بکەن و ھەروەھا بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە بەغدا بەڕێوەچوو، پیرۆزبایی لە مستەفا کازمی کردووە.
باس لەوەشکراوە کە ھەروەھا عەبد مونعم عودات ستایشی ئەو سیاسەتی حکوومەتی عێراقی کردووە کە بەئامانجی گفتوگۆ و ھێورکردنەوەی رەوشەکە لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە گرتوویەتەبەر و گوتی: "ئوردن رۆڵی عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر، بەرز دەنرخێنێت".