Sangar Hamad Azeez
10 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2018
بەغدا - AA
لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانێکیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، سبەی یهكشهممه سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح سەردانی وڵاتی کوێت دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بڕیاره بەرهەم ساڵح سبەی یهكشهممه بە سەردانێكی فهرمی بگاته وڵاتی کوێت و دەست بەو زنجیرە سەردانه فهرمییانهی بکات کە بڕیارە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی وڵاتانی کەنداو ئەنجامی بدات.
چاوەڕوان دەکرێت بەرهەم ساڵح لە سەردانەکەیدا بۆ کوێت باس لە چەندین بابەت بکات گرنگترینیان پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بێت.
هەر لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکۆماری عێراق دوای کوێت سەردانی وڵاتی ئێمارات و چەند وڵاتێکی دیکەی دراوسێ دهكات.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئامانجی سەردانەکانی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو وڵاتانە بریتی دەبێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کەنداو چەسپاندنی چەند یاسایەکی هاوبەش بۆ باشترکردنی ئابووری وڵات و بەهێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە.
جێگای ئاماژەیە ئەم سەردانە یەکەم سەردانی کردنی سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح دەبێت لە دوای دەستبەکار بوونی لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو.