Zana Natık Kerem
29 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
رۆما ــ AA
سەرۆكایەتی كۆماری ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون بەسەردانێك كە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت دەگاتە شاری رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتە.
بە پێی بەیاننامەكە لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیتاڵیا كە وەزیری دەرەوەی لوبنان، جبران باسیل یاوەری دەكات، میشێل عەون لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەكەی، سێرجۆ ماتارێلا و سەرۆكوەزیران، پاوڵو جینتیلۆنی و ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئیتاڵیا كۆدەبێتەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، هەر لە میانی سەردانەكەی بۆ رۆما، سەركۆماری لوبنان بەشداری لە كۆنگرەی گفتوگۆكانی دەریای ناوەڕاست بكات كە بڕیارە لە ٣٠ی ئەم مانگە لە ئیتاڵیا دەست پێ بكات و تا دووی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بە پێی بەیاننامەكە، بڕیارە لە پاڵ سەركۆماری لوبنان هەریەك لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر و وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف و وزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی و ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغێت لەگەڵ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی وڵاتانی دیكە لە كۆنگرەی گفتوگۆكانی دەریای ناوەڕاست لە ئیتاڵیا بەشداری بكەن.
بە پێی بەیاننامەكە لە كۆنگرەكەدا، ئەو پرسانە تاوتوێ دەكرێن كە پەیوەستن بە پێشهاتەكانی رەوشەكانی ناوچەكە لەوانە: ئاسایایشی هاوبەش، بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، ئایندەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، گەشەپێدان، رۆڵی ئافرەت و گەنجان لە بوژاندنەوەی ئابووری و دیاردەی كۆچ.