Zana Natık Kerem
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند كە سوورن لەسەر ئەوەی سەرجەم بەربەستەكانی بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان لە شاری بەغدا لابەرن.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە دوای كردنەوەی رێگەی گۆڕەپانی تەحریر، قاسم ئەعرەجی سەردانی ئەو گۆڕەپانەی كرد و رایگەیاند كە سوورن لەسەر ئەوەی سەرجەم بەربەستەكانی بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان لە شاری بەغدا لابەرن.
بەپێی راگەیەندراوەكە، قاسم ئەعرەجی لە میانی سەردانەكەی بۆ گۆڕەپانی تەحریر ئەوەیشی گوتووە:"حكوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی داواكارییە راوەكانی هاووڵاتییان جێبەجێ بكات".
پێشتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، فەریق روكن قەیس محەمەداوی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دووبارە رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كراونەتەوە.
لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩وە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا داخستبوو.