Azad Mohammed Abdullah
30 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2018
دهۆک - AA
بریکارى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، سەربەست لەزگین رایگەیاند "زانیاری وردمان هەیە کە داعش لە عێراق ماون و دەیان بازگەیان هەیە".
لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، سەربەست لەزگین گوتى: "وەزارەتى دارایی حکوومەتى هەرێمى کوردستان خشتەیەکی لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ وەزارەتى پێشمەرگە ناردووە، هەردوو وەزارەت لەسەر خشتەکە رێککەوتن، ئەو خشتەیەى رێککەوتنى لەسەر کراوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزکراوەتەوە و پەسەندیش کراوە. لە بەیانییەوە لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى ئەو خشتەیە مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە دابەش دەکرێت".
گوتیشى: "وردەکارى خشتەى دابەشکردنى مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە بریتییە لە کەمکردنەوەى مووچەى تەواوى هێزەکانى پێشمەرگە، بەڵام بەپێى رێژەی دیاریکراو دەبێت. رێژەکەش لە نێوان لەسەدا پێنج بۆ لەسەدا ٥٠دایە، پێشمەرگەى ئاسایی و ئەوانەى هیچ پلەیەکى سەربازییان نییە بە رێژەى لەسەدا پێنج مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت و تەنها ٢٥ هەزار دینارى عێراقى لە مووچەکانیان کەم دەکرێتەوە، کەمکردنەوەى مووچەى پێشمەرگە پلەدارەکانیش بە رێژەیەى سەرووى سەدا پێنج دەستپێدەکات و تا دەگاتە لەسەدا ٥٠".
بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە لەبارەى خانەنشینانى نایاسایی لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت "حکوومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆژەیەکى پێشکەش بە پەرلەمانى کوردستان کردووە بۆ چاکسازیکردن لە مەلەفى خانەنیشیانانى نایاسایی لە وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمە پڕۆژە یاسایە و ئێستا لە پەرلەمانى کوردستاندایە تا ئێستا نەبووەتەوە یاسا، رەنگە لە هەفتەى داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێک لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە ئەنجام بدات".
- "هیچ رێککەوتنێکى سەربازى لە نێوان هەولێر و بەغدا نییە".
بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە، باسی لە پەیوەندییە سەربازییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر کرد و گوتى: "دواى چەندین کۆبوونەوە تا ئێستا هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەسەر هیچ پرس و بابەتێک، ئامادەنەبوونى بەغدا بۆ رێککەوتنى سیاسى و گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان هەردوولا هۆکارى سەرەکییە لەبەردەم رێکنەکەوتنى سەربازى نێوان هەولێر و بەغدا".
گوتیشى: "داواکارییەکانى حکوومەتى عێراق جێگیر و نەگۆڕ نیین، بەڵکو سەرۆکوەزیرانى عێراق، حەیدەر عەبادى هەر هەفتەیەک داواکارى و قسەیەکى هەیە، لەڕووى کردەییشەوە هیچی جێبەجێ ناکات، ئەمەش وایکردووە لە حکوومەتى عێراق تێنەگەین داواى چی دەکەن".
سەربەست لەزگین ئاشکراى دەکات کە سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى لە جموجۆلى سەربازییان لە سنوورى گوێڕ، سوڵتان عەبدوڵڵا و سەربازگەى کەى وەن ( K1 ) بەردەوامى هەیە.
ناوبراو جووڵەى سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى بۆ سنوورى حەویجە بە تاکتیکى سەربازى نازانێت و دەڵێت "پێموانییە تاکتیکى سەربازى بێت بۆ کۆکردنەوەى هێز لە سنوورەکە، زانیارییەکان پێمان دەڵێن کە داعش لە عێراق ماوە. ئاگادارین کە چەندین بازگە و مەفرەى تیرۆریستانى داعش لە حەویجەدا هەن و چالاکى ئەنجام دەدەن، مانەوەى داعش لە حەویجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوکاتەى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەکە دەستی پێکرد هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکى ئەوتۆ لە نێوان داعش و هێزە عێراقییەکان رووینەدا، لە سەرجەم گوندەکانى سنوورەکە داعش وەک خۆى بەردەوامى بەکارەکانیان دەدا، ئەو تیرۆریستە داعشانەى چالاکى لە سنوورەکە ئەنجام دەدەن ئەو داعشانەن کە لە شەڕى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى حەوێجە لەناو نەبران".
- "هاوپەیمانان رۆڵییان دەبێت لە رێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە".
بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە، سەربەست لەزگین ئاماژەى بە بەردەوامى هاوکارییەکانى هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کرد و گوتى: "هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستى هاوپەیمانان نەهاتووە لەبارەى هاوکاریکردنى هێزەکانى هێزەکانى پێشمەرگە و لە هاوکاریکردنى پێشمەرگە بەردەوامن، راوێژکارانى هاوپەیمانان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە رۆڵێکى گرنگ دەگێڕن لە رێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە".
گوتیشى: "ئەڵمانیا وێڕاى ناردنى هاوکارى و راوێژکاریکردن، لە چەند پڕۆژەیەکى دیکە کە بۆ پێشمەرگە پێوستن، رۆڵ دەبینن".