Azad Muhammet
23 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2016
سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال سەربەست لەزگین، لە چاوپێکەوتنێکى تایبەت لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو لەبەرەى پێشەوەى جەنگ لە سنوورى نێوان شنگال و تەلەعفەر رایگەیاند : "چەند رۆژێکە هێزە عێراقییەکان گەیشتوونەتە سنوورى تەلەعفەر و توانیوویانە فڕۆکەخانەى تەلەعفەر کۆنتڕۆڵ بکەنەوە و لە چنگ تیرۆریستانى داعش دەریبهێنن، بەمەش ماوەى نزیکەى ٢٠ کیلۆمەتریان ماوە بگەن بە سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە، ئەمڕۆش سوپاى عێراق ئۆپەراسیۆنێک دەست پێدەکەن بۆ ئەوەى هێزەکانییان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە یەکتر بگرنەوە لە سنوورى شارۆچکەى تەلەعفەر، مەبەستیش لەو نزیک بوونەوانەى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق پچڕاندنى رێگاى شارۆچکەى بەعاجە لەگەڵ سووریا کە لەم رێگەیە داعش هاتوچووى لە نێوان مووسڵ، تەلەعفەر و رققە دەکات".
لەزگین راشیگەیاند: "ئەوەى ئێمە ئاگادارین لەو رێککەوتنانەى لە نێوان هەموو هێزەکانى دژ بە داعش کراوە، هێزەکانى حەشدى شەعبى ناچێتە ناو تەلەعفەر و لە ئۆپەراسیۆنى ناوەندى شارەکە بەشدار نابێت، بەڵکو سوپاى عێراق ناوەندى شارۆچکەى تەلەعفەر کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش فیرقەى 15ـی سەر بە سوپاى عێراق راسپێردراوە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى پاککردنەوەى ناوەندى شارۆچکەکە لە تیرۆریستانى داعش. حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنەکە تەنها هێزی پشتیوانی دەبێت بۆ سوپای عێراق".
لەزگین لەبارەى گرنگى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر بۆ هەرێمى کوردستان گوتى : "کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەلەعفەر لە دەست تیرۆریستانى داعش وەک هەر شوێنێکى دیکە بۆ هەرێمى کوردستان گرنگە، چونکە ئەگەر داعش وەکو دراوسێى هەرێم نەمێنێت، ئەوا هەڕەشە لەسەر ئاسایشى هاووڵاتییانى ناوچەکە نامێنێت و دواتر دەبێتە هۆى بوژانەوەى ئابوورى ناوچەکە و لە چەندین رووەوە سوودى بۆ هەرێمى کوردستان دەبێت".
ئەو گوتیشى: "لە بەرژەوەندى حەشدى شەعبیدا نیە لە تەلەعفەر و سنوورەکە بە گشتى کارێک بکات ببێتە هۆى دروستبوونى کێشەى مەزهەبى و جیاوازى نەتەوایەتى و یان کارێک بەرامبەر بە هاووڵاتییانى شارەکە کە ببێتە هۆى توڕەکردنى تورکیا، بۆیە پێموایە خاڵەکانى لێک نزیکبوونەوە هەیە لە نێوان عێراق و تورکیا تا دەگاتە ئەو رادەیەى رێککەوتن بکرێت لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بۆ ئەوەى بەو رێککەوتنە کێشەکان چارەسەر بکەن".
لە زگین لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "هیوادارین دەستوەردانى دەرەکى نەبێت لە بابەتى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر تیرۆریستانى داعش، بەڵکو باشتر وایە هێزەکانى ناوخۆى عێراق لەگەڵ یەکترى رێککبەون بۆ ئەوەى بتوانن بەسەر تیرۆریستانى داعش سەربکەون، وەک ئەو رێککەوتنەى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق کە شتێکى زۆر مێژوویی گرنگ بوو کە پێکەوە دژى دوژمنێکى هاوبەش چەکیان هەڵگرتووە ئەمە قۆناغێکى زۆر باش و گرنگە".
سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال وێڕاى رێزگرتنى لە شەهیدانى حەشدى شەعبى ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەو هەموو ئاڵۆزى و کێشانەى کە لە ناوچەکە بوونى هەیە هیچ شتێک بۆ ئێمە جێگەى گەرەنتى نیە، هەموو کاتێک پێشبینى دەکەین تووشى کێشە و رووبەڕووبوونەوە ببین لەگەڵ هێزەکانى حەشدى شەعبى، بەڵام هیوادارین بتوانین هەموو کێشەکان لە رێگەى گفتوگۆ چارەسەر بکەین".
"ئامانجە هاوبەشەکەی حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال"
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەى سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال سەربەست لەزگین باسی دۆخی سیاسیی شنگالی کرد و گوتی: "زیاتر لە ساڵێکە شارۆچکەى شنگال لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، دواى پاککردنەوەی ئەو شارۆچکەیەش، هێزی پێشمەرگە بە درێژایى ٨٠ کیلۆمەتر هێلى بەرگریکردنى لە شنگال دروست کردووە، بە شەو و رۆژ بێ وچان بەرگرى لە شارۆچکەکە دەکەن تا ئێستاش بە شێوەیەکى زۆر باش پاراستوویانە و چەندینجار پەلامارەکانی تیرۆریستیانییان تێکشکاندووە".
لەزگین گوتیشى: "لە بەشى باکوورى شنگال و شارەدێى سنوونێ خزمەتگوزارى ئاو و کارەبا هەیە بۆ هاووڵاتییان و لە ئێستاشدا قایمقامییەتی شنگال بەردەوامە لە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى خەڵکى شارۆچکەکە".
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکەش، سەربەست لەزگین گوتی: "لە سنوورى شنگال زیاتر لە ٢٠٠ خێزان گەڕاوەنەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان بەڵام بەداخەوە لەبەر بوونى هەڕەشەى تیرۆریستانى داعش لەلایەک و هەبوونی هێزى نادەستوورى لەلایەکی دیکەوە تا ئێستا هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەک لە بەشەکانى دیکەى شنگال نەکراوە و ئەمەش هۆکاری نەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکەیە".
لەزگین گوتیشی: "چەند ناوچەیەکى وەک کۆمەڵگاى سیبا شێخ خدرى، گرعوزێر، گرزەرک، تل قەسەب، تل بەنات و کۆجۆ، چەند ناوچەیەکى دیکە لە دەست تیرۆریستانى داعش ماون و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراونەتەوە، تەواوى دانیشتووانى ئەو ناوچانە تا ئێستا لەسەر چیاى شنگال ژیان بەسەر دەبەن، بەڵام دواى رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتى لە بارەى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ رێککەوتووین و لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنەکەشدا هێزەکانى پێشمەرگە هەڵدەستێت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەواوى ناوچەکانى سنوورى شنگال دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانە هیچ خاکێکى کوردستان بە دەست تیرۆریستانى داعش نامێنێت و لەلایەکى دیکەوەش هەڕەشە لەسەر شارۆچکەى شنگال نامێنێت و دانیشتووان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان".
لەبارەى بوونى پەکەکە لە شنگال، لەزگین دەڵێت: "حکوومەتى عێراق موچە و بژێوى بۆ چەکدارانى پەکەکە دابینکردووە لە شنگال، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیان دەکات و لە رێگاى حەشدى شەعبی یان چەند گرووپێکى دیکەى ناو حکوومەتى عێراق هاوکارى سەربازى لە سووریاوە دەگەیەنە چەکدارانى پەکەکە لە شنگال، ئەمەش بە هەڕەشەیەکى گەورە دەزانین لەسەر شنگال و دانیشتووانى شارۆچکەکە بە گشتى و مەترسى هەیە خەڵک ببێتە قوربانى سیاسەتە چەوتەکانى پەکەکە لە ناوچەکە و دەوروبەرى".
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: "دەستوەردانى پەکەکە لە کاروبارى هەرێمى کوردستان لە کۆنەوە تا ئێستا بووەتە سەر ئێشە بۆ هەرێمى کوردستان ،هەرێم بەشى خۆى کێشە و گرفتى هەیە هیچ پێویست ناکات پەکەکەش بێت بارى هەرێم قورستر بکات و کێشە و ململانێیەکان زیاتر بکات، هیوادارین بەبێ هیچ کێشەیەک پەکەکە بە سیاسەتە چەوتەکانى خۆىدا بچێتەوە و دەست لەو داگیرکارییەى شنگال و ناوچەکانى دیکەى وەک کەرکووک و سلێمانى و چەند شوێنێکى دیکەى هەرێمى کوردستان بەربدات".
سەرپەرشتیارى سەربازى میحوەرى شنگال گوتىشی : "داواکارین هیچ هێزێکى چەکدار لە هەرێمى کوردستان هەڕەشە لە وڵاتانى دراوسێ نەکات، ئەو هێزە چەکدارانەش نەبنە هۆى فراوانکردنى دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ، بوونى هەر هێزێکى چەکدارى نادەستوورى لە هەرێمى کوردستان لەسەرووى هەمووشیانەوە پەکەکە، بەتووندى رەتیدەکەینەوە و دەبێت دەربچن".
سەربەست لەزگین پێی وایە چونکە رۆژئاوای شنگال بۆ چەکدارانی پەکەکە کرایەوە، بۆیە دەتوانن بە ئاسانی هاتوچووی سووریا بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "لەبەر ئەوەى رۆژئاواى شنگال بۆ چەکدارانى پەکەکە کراوەیە بەرەو سووریا دەتوانن هاتوچوو بکەن لە نێوان سووریا و شنگالدا بەمەش لەسەر خواستى خۆیان ژمارەى چەکدارەکانییان گۆڕانکاری بەسەردا دێت لە شارۆچکەى شنگال، پەکەکە دوو هێندەى ژمارەى دانیشتووانى شارەکە ئاڵاى جۆراوجۆرى هەڵکردووە لەسەر بینا و باڵەخانە و قەدپاڵى چیاى شنگال، لە رێگاى بنکە و بارەگاکانییان هەڵساون بە لەخشتەبردنى منداڵان و چاویان لەسەر ئەو کچ و کوڕانەیە کە بە هۆى کەمى تەمەنییانەوە تواناى تێگەیشتیان وەک پێویست نیە".
لەزگین تەمەنى ئەو کچ و کوڕانە ئاشکرا دەکات کە لەلایەن پەکەکە لەخشتە بردراون و بوونەتە چەکدارى پەکەکە لە شنگال لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەو کچ و کوڕانەى لەلایەن پەکەکەوە لە شنگال لەخشتە بردراون تەمەنییان لە 8 ساڵى بۆ 12 ساڵى دەبێت، هەر منداڵێکییان بردبێت لە نازى دایک و باوکى بێ بەش دەبێت و بەهیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندى لەگەڵ خانەوادەکەى نامێنێت".
سەربەست لەزگین باسی ئەو کەسانەش دەکات کە هاوکاری گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشیان کردووە و دەستیان لە کوردانى ئێزدى شارى شنگال نەپاراستووە لە کاتى گەیشتنى داعش بە شارەکەیان و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی: "پەکەکە ئەو عەرەبانەى بەعاج و بلێجى داڵدە داوە کە هاوکارى داعش بوون لە کاتی روودانى کارەساتى شنگال، ئەوانەى لە جینۆساید و کۆمەڵکوژکردنى کوردانى ئێزدى هاوکارى داعش بوونە، ئایندەى ئەوانیش وەک داعش دەبێت و بەهیچ شێوەیەک ئەو خیانەتە لەبیر ناکەین و تۆڵەى یەک بە یەکى کوردانى ئێزدیان لێ دەکەینەوە".