Muhammet Kurşun
04 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2015
لە دیدارێكدا سینیرلیئۆغڵو سوپاسی ئەو پێشوازیەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ماوەیەكە نیازی ئەو سەردانەی هەبوو، بەڵام لەبەر بارودۆخی نێوخۆی توركیا دەرفەت نەبوو زووتر ئەنجامی بدات.
هەروەك باسی لە پەیوەندییەكانی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەكەدا درووست بوون كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆر و بنەبڕكردنی لە ناوچەكە بە یەكجاری، چونكە توركیا هەرێمی كوردستان بە كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت، هەر بۆیە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا كارێگی گرنگ و سوودبەخشە بۆ ناوچەكە بە گشتی.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزبایی خۆیشی ئاراستەی خەڵكی توركیا كرد كە سەركەوتووانە كۆتاییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیان هێنا و هیوای خواست حكوومەتی داهاتووی توركیا بە زووترین كات پێكبهێنرێت و ئەو پەیوەندییە تۆكمەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبووە، بەردەوام بێت و زیاتر گەشەی پێ بدرێت.
هەروەها باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كێشەكانی نێوخۆیی دا و دووپاتی كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ.
سەبارەت ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشیش، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە جگە لەو قەیرانە داراییەی كە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەندین بابەت و تەوەری جیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.