Ahmed al-Masri,Ali Semerci
25 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2017
ریاز-AA
شازادەی جێنشینی سعوودیە محەمەد بن سەلمان رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەپەلە بیروڕای توندرەویی لەناو دەبات و بەرەو ئیسلامی میانڕەو هەنگاو دەنێت.
لەمیانی بەشداری کردنی لە دیدارێکدا بەناوی "هەوڵی وەبەرهێنانی داهاتوو" بەبەشداری ٦٠ وڵات و ٢هەزار و ٥٠٠ کەس، کە لە ریازی پایتەخت بەڕێوەچوو، بن سەلمان گوتەیەکی پێشکەش کردو ئاماژەی بەوەدا کە بەپەلە بیروباوەڕی توندرەوی لە وڵاتەکەی لەناو دەبات و هاوشێوەی پێش ساڵانی ١٩٧٩ بەرەو ئیسلامی میانڕەو هەنگاو دەنێن.
بن سەلمان ئاماژەی بەوەدا ئەو بیروباوەڕە توندەی سعوودیە لەرێی پرۆژەیەکەوە دوای ١٩٧٩ بڵاو بۆتەوە لە سعوودیەدا و دواتر هاوشانی ئەمە شۆڕشی ئێران دەستی پێکردووە و گوتی، "وەک پێشتریش لە تەواوی جیهاندا بووە، دەگەڕێینەوە بۆ ئیسلامێکی میانڕەو کە باوەش بۆ دینەکان و گەلان بکاتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە گەنجەکان لەسەدا ٧٠ یان خوار ٣٠ ساڵن و ژیانی خۆیان لەگەڵ ئەوانە بەخۆرایی بەهەدەر نادەن کە ٣٠ ساڵیان بۆ بیروڕای رادیکاڵی دروست کردووەو گوتی، "لە قۆناغەکانی پێشوودا وڵاتەکەمان هەنگاوی بەو ئاراستەیەدا ناوە و ئەوەی کە ماوە زۆر لەو نزیکانەدا لەبیری رادیکاڵیزم لەناو دەبرێت".
ئەم گۆڕانکاریانە لەکاتێکدایە کە لە ٣ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار بڕیار درا لە کەناڵەکانی دەوڵەتدا کۆنسێرت پەخش بکرێت و لە ٢٦ ی ئەیلولیشدا شا سەلمان بن عەبدولعەزیز بڕیانامەیەکی واژوو کرد تایبەت بە ئافرەتان کە بتوانن ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.