Zana Natık Kerem
29 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2019
ئۆساکا ــ AA
لە پەراوێزی لووتکەی G-20دا کە لە شاری ئۆساکا لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبووە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش گوتەبێژی کۆشکی سپی، ھۆگان ھیدلی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆناڵد ترەمپ و محەمەد بن سەلمان چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێکردووە لەوانە پرسی ئێران، ھاوکارییەکانی نێوان سعوودیە و ئەمریکا لەگەڵ رەوشی بازاڕەکانی نەوتی جیھان.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە سەرەتا لە کۆبوونەوەکە باس لەو رۆڵە کراوە کە سعوودیە لە پێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوتدا دەیگیرێت دواتر لەبارەی ھەڕەشەکانی ئێران گفتوگۆکراوە، ھەروەھا زیادکردنی وەبەرھێنان لەنێوان سعوودیە و ئەمریکادا خراوەتەبەرباس.
بەر لە کۆبوونەوەکە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە سعوودیە گەورەترین کڕیاری بەرھەمەکانی ئەمریکاوە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشدابوو کە ھەر لە چوارچێوەی لووتەکەدا لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین پینگ کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵیی ژمارەیەک پرسی پەیوەستدار بە بازرگانییەوە تاوتوێ دەکەن.
سەبارەت بە پرسی کۆریای باکوور، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەگەر نەبوومایە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئێستا جەنگ لەگەڵ پیۆنگیانگدا روویدابوو".
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بە دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەوانی سعوودیە، جەمال خاشقجی خۆی دزییوە و ھیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەدا.
لای خۆیەوە محەمەد بن سەلمان رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئەمریکا لە ئاستێکی زۆر باش دایە و ھەوڵدەدەن زیاتر پەرەی پێ دەن.دوێنێ ھەینی لووتکەی G-20 لە شاری ئۆساکا دەستی بەکارەکانی کرد .