Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
ریاز ــ AA
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان رایگەیاند كە بەرپرسیارێتی تەواو لە تاوانی كوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقجی لەناو كۆنسولخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا رەتی دەكاتەوە كە بە ئاگاداری ئەو تاوانی كوشتنەكە ئەنجام درابێت.
محەمەد بن سەلمان لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرنامەی "٦٠ خولەك"دا كە لە تۆڕی"CBS"ی ئەمریكی پەخش دەكرێت وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە دۆسیەی كوشتنی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی دایەوە كە لە دووی تشرینی یەكەمی رابردوودا لەناو كۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا.
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایە كە ئەو فەرمانی داوە بە كوشتنی جەمال خاشقجی گوتی:"بێ گومان نەخێر، بەڵام وەك سەركردەیەكی سعوودیە بەرپرسیارێتی تەواو لە تاوانی كوشتنی جەمال خاشقجی لە ئەستۆ دەگرم، بە تایبەتیش كە لە لایەن بەرپرسانی سعوودیەوە ئەنجامدراوە".
محەمەد بن سەلمان گوتیشی: "گرنگە هەموو رێوشوێنێك بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، رووداوی لەو شێوە دووبارە نەبێتەوە".
جێنشینی سعوودیە لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكا (CAI) زانیاری بەدەست گەیشتووە لەوەی كوشتنی جەمال خاشقجی بە شێوەی كەسی بووە یان لەوانەیە بە فەرمانی ئەو ئەنجامدرابێت گوتی: "ئومێدەوارم ئەگەر هەر زانیارییەک لەو جۆرە هەیە با بەئاشكرا بڵاوبكرێتەوە".
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان گوتیشی: "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە لە دۆسیەی تاوانی كوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقجی و هەر كاتێك تاوانەكە بەسەر كەسێك لە هەر ئاستێكدا بێت ساغ ببێتەوە، دادگایی دەكرێت".
سەبارەت بەوەی كە ئایە دۆسیەی تاوانی كوشتنی جەمال خاشقجی و جەنگی یەمەن تا چەند كاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان سعوودیە و ئەمریكا هەیە محەمەد بن سەلمان گوتی: "هیچ کاریگەرییان نییە و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا زۆر لەوە زیاترە، شەو و رۆژ كار دەكەین لە پێناو بەدیهێنانی داهاتوویەكی باشتر".
پێشتر سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە پرسی كوشتنی جەمال خاشقجی لەگەڵ شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز هەروەها دووجاریش لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان تاوتوێكردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكدا بۆ كەنالی (Fox News)ی ئەمریكی رایگەیاندبوو "جێنشینی سعوودیە بەڵێنی پێداوە كە خوێنی جەمال خاشقجی بە هەدر نەروات، بەڵام تا ئێستا ئەنقەرە هیچ هەنگاوێكی نەبینوە كە لەوبارەوە نرابێت".
جەمال خاشقجی لە دووی تشرینی یەكەمی رابردوو لەناو كۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا، ئەوەش نیگەرانی و كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی جیھانی لێكەوتەوە.
لە مانگی تەمووزی رابردووش كۆمیسیاری نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكانی بڵاوكردەوە و تیایدا سعوودیەی بە كوشتنی ئەنقەستی خاشقجی بەرپرسیار كردووە.
راپۆرتەكە جەخت دەكاتەوە لە بوونی بەڵگەی سەلمێنەر كە پێویستە بەرپرسانی باڵای سعوودیە لەنێویاندا محەمەد بن سەلمان رووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێنەوە.