Hamit Hüseyin
22 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2015
ھەولێر
سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا سعوود مەلا لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پێشھاتەكانی ئەم دواییەی رۆژئاوا كرد و گوتی: "روانگەی ئێمە و روانگەی میللەتی كورد لە رۆژئاوا بە گشتی ئەوەیە ئێمە ئاواتەخواز بووین كە یەكڕیزی لە رێگەی لایەنەكانی سیاسی و ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی قەیرانەكانی سووریا چارەسەر بكەین و سووریایەكی نوێ ئاوا بێت. بەڵام بەداخەوە ئەو ھاوپەیمانێتییەی تاكی و ھەروەھا ھاوپەیمانێتی رووسیا، ئیران، سووریا و عێراق ئەمە نیشانەی مانەوەی رژێمی ئەسەدە و لە كاتێكدا بوو كە ئەو رژێمە لە لێواری نەمان بوو بەڵام بەداخەوە ئەوان بواریان دا تاكو لە ناو نەچێت لە ئێستادا بە ھێزتریشی دەكەن و ئەوەیش وا دەكات كە شەڕی نێوخۆیی و نەتەوەیی زیاتر بێت و تەمەنا دەكەین ئەوان زووتر ئاراستەی خۆیان بگوڕن و لە ھەندێك كاتدا ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بتوانێت رۆلی خۆی بگێرێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی مرۆڤی لە سووریا و بتوانێت ئەو قوناغە تێپەر بكات".
لە بارەی ئەوەی كە پەیەدە لەگەڵ ھاوپەیمانێتی چوارقۆلی رووسیا بێت چ كاریگەری خراپی بۆ رۆژئاوا دەبێت سعوود گوتی: "من داوا لە بزووتنەوەی كورد دەكەم لە بارەی بلۆكی ھاوپەیمانێتی با لەگەڵ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بێت ئەمەش بۆ ئایندەی كورد باشترە و ئەو ھاوپەیمانێتییەی چوار قۆلی ھەرگیز ماف و چارەنووسی كورد دروست ناكات و ئەمە لە مێژوودا دیارە ئەو ھاپەیمانێتییە زیان بە دۆزی كورد گەیاندووە و ئێمە دەبینە قوربانی".
لە بارەی رێككنەكەوتنی پەیەدە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا گوتی: "لە ئێستادا پەیەدە لە رۆژئاوا خاوەنی ھێزە و ئەو خۆی بە تەنیا دەبینێت و بەو ھۆیەش زۆر بەربەستمان بۆ درووست دەكات تاكو رێككەوتن لە نێو كورد درووست نەبێت، بەگشتی چەمكی شەراكەت لایان نییە".
لە بارەی ناوەندگێری ئەمریكا بۆ یەكخستنەوەی ھێزەكانی كورد لە رۆژئاوا سعوود مەلا گوتی: "ئەم خاڵە تا ئێستا لە لای ئێمە روون نییە كە ئەو ھەموو گفتوگۆ و دانوستاندن كە دەبێت بۆ كێشەكان چارەسەر نابێت ئێمە ھەموو ھەوڵمان بۆ یەكڕیزیی و چارەسەرکردنی کێشەکانە و با پێكەوە شان بە شان لە رۆژئاوا بەرگری و خزمەت بە میللەتی خۆمان بكەین".
لە بارەی ئەگەری ئەوەی كە پێشمەرگەی رۆژئاوا بە ھاوكاری پەیەدە و سوپای ئازاد ناوچەی رەقە ئازاد دەكەن گوتی: "پێشمەرگەی رۆژئاوا ناوچەكانی عەرەبی ئازاد ناكات، ئەو ھێزەمان لە باشووری كوردستان پێ گەیاندووە بۆ ئەوەی ناوچەكانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان بپارێزێت و ئێمە كات و دەرفەتی ئەوەمان نییە كە رەقە و غەیری رەقە ئازاد بكەین".
لەسەر پرسی راگەیاندنی كانتۆنی گرێ سپی لە رۆژئاوا سعوود مەلا گوتی: "ھەرچەندە ئێمە باوەڕمان بە سیستەمی دامەزراندنی كانتۆن نییە بەڵام ئەوا ناوچەیەك چۆل كراو بوو ئەوان ویستیان پڕی بكەنەوە و ئێمە لەگەڵ جیاكردنەوەی نەتەوەیی نین و با پەیەدە ئەو كانتۆنانە لە سەر پرسی نەتەوەیی دابمەزرێنن".
لە بارەی سستمی سەربازی زۆرەملێ لە رۆژئاوا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا گوتی: "ئێمە دژی بەسەربازگرتنی زۆرەملێن و دەڵێن ئەو كاتەی كە ئێمە یەكبگرین و دەرگای یەكڕیزی بكەینەوە ئەوا بە ھەزاران گەنج بە ئارەزووی خۆیان دێن و بەرگری لە خاكی خۆیان دەكەن و ئەوەیش ئاشكرایە كە ھیچ كاتێك سەرباز بە ناچاری شەڕ ناكات و ئەنجامی خراپ بەدوای خۆی دا دەھێنێت و ئەوەیش لە خزمەتی ھیچ لایەك نابێت و با بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد بڕیار بدات".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی رۆژئاوا لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر گوتی: "ئێمە لە راستیدا بە ئاسایی دەزاینن لە گەڵ ھەر ناوچەیەك مامەڵە بكرێت و ھیچ جار بەدوای دوژمن نەبووینە و دەمانەوەێت هەمیشە لێكتێگەیشتن و ھاوكاری ھەبێت لە نێوان ئێمە و وڵاتانی جیهان و ناوچەكە و دەتوانین پەیوەندی سیاسیی باشمان ھەبێت تا خزمەتی زیاتر بە میللەت بكرێت".
لە كۆتاییدا سعوود مەلا ھیوای زووتر چاكبوونەوەی رەوشی سووریا خواست و گوتی: "چاوەرێ دەكەین لە ماوەیەكی زوودا ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئەمە خەیاڵی دوژمنانی كوردە كە بلێن رۆژئاوای كوردستان چۆڵكراوە".