قاھیرە
بەھۆی بەکارھێنانی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەحمەد جەربا سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا بەتوندی وەڵامی وەزیری دەرەوەی عێراقی دایەوە.
جەربا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە قاھیرە بۆ تاوتۆکردنی قەیرانی سوریا، بەتوندی وەڵامی وەزیری دەرەوی عێراقی ھۆشیار زێباری دایەوەو گلەیی لەوەزیری دەرەوەی لوبنان کرد.
بەگوێرەی زانیاریی چەند سەرچاوەیەک، جەربا، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەڕووی دەزگاکانی راگەیاندن داخرابوو، وەڵامی توندی رەخنەکانی ھۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراقی داوەتەوە کاتێ باسی "رێکخراوە تیرۆریستییەکانی سوریا" ی کردووە.
جەربا لە وەڵامی زێباریدا گوتوویەتی: "ھەندێک سیاسەتوانی عێراقی بە ھۆی تانک و زریپۆشی ئەمریکا ھاتوونەتە سەر حوکم، ھیچ باسی دەستتێوەردانی دەرەوە لە عێراق ناکەن، بە تایبەتی لەبارەی شۆڕشی سوریا و داواکانی خەڵکی ئەم وڵاتە سیاسەتێکی دوو ڕوویی بەڕێوەدەبەن."
جەربا درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: "دەرگای زیندانی ئەبوغرێب و زیندانەکانی دیکەیان کردەوە، لەوێ سەرکردەکانی تیرۆریان رەوانەی سوریا کرد. کە شتێکە ھەموو سیاسەتوانان ئاگایان لێیە."
بێجگە لەوە جەربا لە وەڵامی عەدنان مەنسور، وەزیری دەرەوەی لوبنان کاتێ گوتبووی: "ئۆپۆزسیۆن ناچارە میللەت لە باوەش بگرێ." دەڵێ: "شەڕوانانی حزبولڵای لوبنان لە سوریا ھاتنە ناو خاکی ئێمەو و رێزیان لەسەروەریی ئەو وڵاتە نەگرت. ھیوادارم دەستبەردای سیاسەتی لە دوور بوەستە ببن."