هەولێر
موسلیم کە ئێستا کارە سیاسییەکانی خۆی لە بڕۆکسل بەڕێوەدەبا، لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانی یەپەگە رۆژی رابردوو لە سوریاوە گەیشتوونەتە عێراق، تا پشتگیری هێزەکانی پێشمەرگە بکەن لە دژی چەکدارانی داعش.
موسلیم باسی لەوەکرد کە "چەندین شەهید و بریندار لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا هەن و ناچاربوونە لە هەندێک شوێن بکشێنەوە، بەو هۆیەشەوە و بە مەبەستی پشتگیریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی یەپەگە لە سوریاوە چونەتە عێراق."
باسی لەوەشکرد کە هێزەکانی یەپەگە ئەزموونیان هەیە لە شەڕ لەگەڵ داعشدا و راشیگەیاند، کە داعش تەنیا لە رێگەی "بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنەوە" کار دەکا لەسەر خەڵکی.
موسلیم لە بەرامبەر پرسیارێکی ئاژانسی ئەنادۆڵودا کە ئایە چەند چەکداری یەپەگە چوونەتە ناو خاکی عێراقەوە، ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا دیار نییە، بەڵام لە چەندین خاڵی سنوورییەوە چوونەتە ناو خاکی عێراقەوە.
گوتیشی کە لە ئێستادا لە هەریەک لە سنوورەکانی رەبیعە و سحێلە و لە گشت ئەو خاڵە سنوورییانەی کە بەدەست کوردەوەن، هێزەکانی یەپەگەش لەوێ هەن.
موسلیم باسیشی لەو دەنگۆیانە کرد کە باس لەوە دەکەن چەکی لاواز بەدەست هێزەکانی پێشمەرگە و داعشەوەن و گوتی: "چ جۆرە چەکێک لەدەست داعشدا هەبێ ئەوا بەهەمان شێوە هەمان چەک بەدەست هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی یەپەگەوە هەیە."
ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەدا کە دەبێ هەموو پێشمەرگە لە ئامادەباشیدابن دژی داعش و رایگەیاند، یەپەگەش بۆ وەستاندنی داعش ئامادەی هاوکاری زیاترە، "چونکە ئەم هێرشانە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێ و دەبێ لە شوێنێکدا بیانوەستێنین."
هاوکات موسلیم ئاماژەی بە پێویستیی دروستکردنی هێزێکی هاوبەش کرد، کە پێک هاتبێ لە هێزەکانی یەپەگە و پێشمەرگە، "تا بتوانن بێکەوە هەموو کەمینیەکانی مەسیحی و سریانی و گەلی کوردیش لە عێراق و سوریا بپارێزن."
موسلیم لە باسی شەڕی کۆبانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە تا ئێستا لەو ناوچانە شەڕ لەگەل داعشدا بەردەوامی هەیە و گوتی: "بۆ پاراستنی رۆژئاوا لە دەستی داعش، گەنجانی کورد بەشداری هێزەکانی یەپەگەیان کردووە."
موسلیم رایگەیاند کە داعش "هەڕەشەیەکە دژی مرۆڤایەتی" و جەختی لە پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی تەواوی هێزە دیموکراتییەکان و رێکخراوەکان کردەوە، لە دژی داعش.
یەپەگە کە بە باڵی سەربازی پەیەدە ناسراوە و کۆنترۆڵی رۆژئاوا (ناوچە کوردییەکانی سوریا) دەکا، هەریەک لە ناوچەکانی کۆبانی و ئەفرین و قامیشلی لە دەستی داعش دەپارێزن.