Hemn Baban
04 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
هەرێم کەمال ئاغا پێی وایە کە ھیچ کام لە پێکھاتەکانی شیعە، سوننە و کورد لەسەر ئەو ناوانەی پێشنیازکراون لە لایەن عادل عەبدولمەھدی-یەوە کۆک نین.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی عێراقی بڵاوکراوەتەوە و کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، ناوی ئەو کاندیدانە بڵاوکراونەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی پێشنیازیکردوون وەک وەزیر لەو ھەشت وەزارەتەی لە کابینەکەیدا ماون.
بەپێی بەڵگەنامەکە ھەریەک لە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ پێشنیازکراوە، ھەروەھا فەیسەڵ ئەلجەربا بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی، ھەروەھا ھەنا عەمانوئێل گۆرگیس بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دادوەر دارا نورەددین بۆ پۆستی وەزیری داد.
ھەر بەپێی بەڵگەنامەکە دکتۆر قوسەی عەبدولوەھاب سھێل بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دکتۆر سەبا خەیرەددین تائی بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە و دکتۆر نوری ناتق حەمید عەبتان دلێمی-ش بۆ پۆستی وەزیری پلاندانان پێشنیازکراوە.
بەڵگەنامەکە کە نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی-یە و بەرواری سێی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ی بەسەرەوەیە تیایدا ھاتووە "لەھەردوو دەزگای لێپرسینەوە و نەزاھە دڵنیایی لەو ناوانە دەستەبەرکراوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەرێم کەمال ئاغا لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەنگدان و پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی ئەو کاندیدانە بۆ ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بەپێی بەرنامەی کار کە لە دوو بڕگە پێکدێت و یەکێکیان بریتییە لە دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکھاتەی کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی دەبێت ئەمڕۆ دەنگ بۆ ئەو کاندیدانە بدرێت کە دەبنە وەزیر لە ھەشت وەزارەتی بەتاڵ کە ھێشتا وەزیرەکانیان دەست نیشان نەکراون".
هەرێم کەمال ئاغا بەدووری زانی ئەمڕۆ بەئاسانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو کاندیدانە بدەن، ھۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی بە قسەی ئەو "ھیچ رێککەوتن و تەوافوقێک لەنێو ھیچ یەک لە شیعە، سوننە و کورد بۆ ئەو کاندیدانە نییە، نە شیعە تەوافوق و رێککەوتنی ھەیە لەسەر ئەو کاندیدانەی بەر ئەوان دەکەوێت و نە سوننەکانیش لەسەر ئەو کاندیدانەی ئەوان رێککەوتنیان ھەیە، کوردیش لەنێو خۆیدا رێککەوتنی لەسەر ئەو کاندیدانەی بۆ وەزارەتەکانی پشکی کورد دیاریکراون نییە، بۆیە بەزەحمەتی دەزانم ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر ئەو ھەشت وەزیرە بە ئاسانی تێپەڕێت، واتە تێپەڕاندنی ئەو ناوانە قورس دەبێت، ئیدی یان نیسابی یاسایی دانیشتنەکە تەواو نابێت، یان دەنگدان لەسەر ئەو کاندیدانە دەخرێتە کاتێکی دیکەوە، چونکە بەئاسانی دەنگیان پێ نادرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی دادیش گوتی: "ئەو وەزارەتە دەبێت پشکی یەکێتی بێت، چونکە ئەوە ئیستیحقاقی یەکێتییە کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی وەزارەتێکی ھەبێت، بۆیە ئێمە وەکو خۆمان رازی نیین لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".
عادل عەبدولمەھدی کە لەسەر پشکی شیعەکان سەرۆکوەزیرانی عێراقە لە دووی تشرینی یەکەمی رابردوو لە لایەن سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح-ەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت راسپێردرا و ھەر لەسەرەتاوە باسی لەوەکرد کە حکوومەتێکی تەکنۆکرات دادەمەزرێنێت و بۆ ئەوەش تووشی رێگریی زۆر بوویەوە لە پاڵ بوونی ھاندان و پشتگیریی، عەبدولمەھدی کە بە پەسەند لە لایەن مەرجەعییەتی شیعەکانەوە ناوزەد دەکرێت و ئەوان پەسەندیان کردووە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی رابردوو، ١٤ وەزیری لە کابینەکەی بردە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکران لە پاڵ پەسەندکردنی بەرنامەی کابینەکەی، ھەر ئەو رۆژە خۆی و وەزیرەکانی سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام ھەشت وەزارەتی بێ وەزیر ھێشتەوە بە ھۆی نەبوونی رێککەوتن لەسەریان کە بەشێکیشیان وەزارەتی ھەستیارن وەکو بەرگریی و ناوخۆ و خۆی سەرپەرشتییان دەکات.
عادل عەبدولمەھدی ٢٥ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەفەرمی دەسەڵاتی لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی وەرگرت.