Hemn Baban
26 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2019
ھەولێر - AA
ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ههدار زوبێر بارزانی رایگەیاند کە ههرێمی كوردستان ٨٠ ههزار شههیدی ههیه و ژمارهی شههیدهكانی عێراق، چوار بهقهد ئهو ژمارهیهی ههرێم دهبێت، دهشڵێت کە پێشنیازیانكردووه وهزارهتێك بۆ شههیدانی عێراق دابمهزرێت، ئاماژە بەوەیش دەدات کە دوو له كۆی سێ له گۆڕه بهكۆمهڵهكانی سهماوه ههڵنهدراونهتهوه.
ههدار زوبێر بارزانی لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ژمارەیەک پرسی تایبەت بەشەھیدان و ئەنفالکراوان و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە باشووری عێراق دەکات.
ئهندام لە لێژنەی شەھیدان و قوربانییان و زیندانە سیاسییەکان سەربە ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، ههدار زوبێر بارزانی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن ئەگەری ھەیە وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت لە دوای دامەزراندنی وەزارەتی شەھیدانی عێراق کە پێشنیازکراوە گوتی: "نەخێر شتی وا نییە کە وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکانی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت، بەڵکو لە پڕۆژەی ھاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کەسوکاری شەھیدان لە حکوومەتی فیدراڵی ھەیە، بەھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو حکوومەت کە رێککەوتن لێژنەیەکی بۆ دروست بکرێت و ئەوە بوو لێژنەکە لە ساڵی ٢٠١٨ دروستکرا و چەند کۆبوونەوەیەکیشی ئەنجامدا و لە یەکەم کۆبوونەوەیدا، چوار راسپاردەی دەرخست کە چوار پەرلەمانتار لە چوار لێژنە ئیزافەی سەر لێژنەکە کرا و بەندە وەکو کوردێک لە لێژنەکە بووم و پاشان لێژنەکە نۆ راسپاردەی کۆتایی دەرخست و کۆتایی بەکارەکانی ھات و لە یەکێک لە راسپاردەکانی ئەوەبوو وەزارەتێک بۆ شەھیدان لە حکوومەتی فیدراڵ دروست بکرێت".
ههدار زوبێر بارزانی ھەروەھا گوتیشی: "بەڵام ئەو پێشنیازە و ئەوە ناگەیەنێت کە بەدامەزراندنی وەزارەتی شەھیدان لە حکوومەتی عێراق، وەزارەتی شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکان نەمێنێت، چونکە چەندین وەزارەت لە حکوومەتی فیدراڵی ھەیە و لە ھەرێمیش هەیە وەکو وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی بەرگریی لە حکوومەتی فیدراڵی کە لە ھەرێم وەزارەتی پێشمەرگە ھەیە، هەروەها چەندین وەزارەتی دیکەش، بۆیە ئێمە نزیکەی ٩٠ واژوومان کۆکردووەتەوە لەسەر راسپاردەکانی ئەو لێژنەیە بەتایبەت راسپاردەی دامەزراندنی وەزارەتێک بۆ شەھیدان لە حکوومەتی عێراق، بێگومان پێکھێنانی وەزارەتیش پێویستی بە یاسایە، دوای کۆتاییھاتنی پشووی وەرزی یاسادانان کار لەسەر ئەوە دەکەین پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەو وەزارەتە دابڕێژین، ھەرچەندە بەشێکیشی ئامادەکراوە، دەمانەوێت بیبەینە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت کە وەزارەتێکی شەھیدان بۆ ھەموو عێراق ھەبێت، ھەرێمی کوردستانیش لاری نەبوونی خۆی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕیوە، بەڵام پێویستی بەھەماھەنگی زیاتریشە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ناوەندی و ھەرێم و ھەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق".
ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ههدار زوبێر بارزانی سەبارەت بە ژمارەی شەھیدانیش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەپێی ئەو لێژنەیەی کار لەسەر ھاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان دەکات، حکوومەتی عێراق داوای ناوی شەھیدان و زیندانی سیاسی و ئەنفالکراوان و جینۆسایدی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ھەرێمیش ناوەکانی رادەستکردووە و ئێستا وێنەیەکی لە لای لێژنەکە و وێنەیەکی لە لای حکوومەتی عێراقە، بەپێی ئەو زانیارییانە ھەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ٨٠ ھەزار شەھید و ٢٢ ھەزار و ٣١٦ زیندانی سیاسییە، ئەوە بوو ئێمە داوامانکرد ھەموو شەھیدان یەک بێت کە بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، شەھیدانی ھاووڵاتی و شەھیدانی جینۆساید، بەڵام لە حکوومەتی عێراق شەھیدان جیانەکراونەتەوە و لە حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٦٠ ھەزار شەھید تۆمارکراوە کە ئەو ژمارەیە بەتەنھا ئەوانەی شەھیدانی شەڕەکانی رژێمی پێشووی عێراقن، بەڵام بەگشتی ژمارەی شەھیدەکانیان چوار بەقەد ژمارەی شەھیدانی ھەرێمی کوردستانن".
ههدار زوبێر بارزانی لەمەڕ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە باشووری عێراق کە مانگی رابردوو ھەڵدرایەوە و چەندین رووفاتی ئەنفالکراوەکانی تیادا دۆزرانەوە، زانیاری پتر دەخاتە روو و ئاشکرای دەکات "سەماوە و بەتایبەت ئەو ناوچەیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەمدواییەی تێدا دۆزرایەوە زۆرترین ناوچەیە کە گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، دوایین گۆڕ کە ھەڵدرایەوە ئەوبوو کە سێ گۆڕ بوون و لە تەنیشتی یەکتر بوون، گۆڕێکیان ئامادەی رێوڕەسمی ھەڵدانەوەی بوون و ١٧١ رووفاتی پیرۆزی قوربانییانی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨یان تێدابوو کە ھەموویان منداڵ و ئافرەت بوون".
ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ههدار زوبێر بارزانی دەربارەی ئەو دوو گۆڕەی دیکەی ھەڵدانەوەیان بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە رادەگەیەنێت کە ئەو دوو گۆڕەی دیکە وەکو لێژنە و بەدیاریکراویش من وەکو نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوان، داوام لە دەزگای شەھیدانی عێراق کرد ھەڵدانەوەیان کەمێک دوابخەن بۆ ئەوەی بە رێوڕەسمێکی شایستەتر ئەو دوو گۆڕە ھەڵبدرێنەوە، راستە ھەڵدانەوەی گۆڕی یەکەم دەنگدانەوەی زۆری لە ناوخۆ و لە دەرەوەی عێراقیش ھەبوو، بەڵام دەمانەوێت ھەڵدانەوەی ئەو دوو گۆڕە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەکان و حکوومەتی عێراق بکرێت بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان ببینن کە کورد تووشی چی نەھامەتییەک بووەتەوە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی بەعسدا".
ههدار زوبێر بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ھەڵدانەوەی ئەو دوو گۆڕەی دیکە و دەربارەی کاتەکەشی ئەوەی روونکردەوە "کاتەکەی دیار نییە، رووفاتی قوربانییانی گۆڕی یەکەمی ئەو سێ گۆڕە لە پزیشکی دادە لە بەغدا و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکینەکانین بەتایبەت پشکینی DNA و ئەوانی دیکەش کە نزیکەی مانگێکی دیکە دەست بەھەڵدانەوەیان دەکرێت".
ئهندامی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ههدار زوبێر بارزانی سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەشی پێشبینی دەکرێت لەنێو ئەو گۆڕانەدا رووفاتیان بدۆزرێتەوە گوتی: "جارێ دیار نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بە ھەر سێ گۆڕەکەوە، نزیکەی رووفاتی ٥٠٠ کەسی تێدابێت".
ههدار زوبێر بارزانی سەبارەت بەبوونی دوو گۆڕی دیکەش جگە لەوانەی باسکران رایگەیاند "جگە لەوەی باسکران، دوو گۆڕی دیکەش لەو ناوچەیە ھەبوون و زانیاریی ئەوەمان پێدەدرا کە گوایە ئەوانیش گۆڕی قوربانییانی کوردن، بەڵام دوای بەدوادچوون بۆمان دەرکەوت نەخێر، ئەوانە قوربانیی شەڕی عێراق و کوێت-ن".