Hemn Baban
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2019
ھەولێر-AA
ئهندامی لێژنهی دارایی له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، شیروان میرزا رایگەیاند بڕیاره بهمنزیكانه لێژنهیەکی بهدواداچوونی راستییهكان سهردانی ههرێمی كوردستان بكات.
شیروان میرزا لەبارەی ئەو لێژنەی بەدواداچوونەی راستییەکان کە لێژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکیھێناوە بۆ زانیاریی وەرگرتن و بەراوردکردنییان لەسەر نەوتی ھەرێم لە رووی دەرھێنان و فرۆشتن و ھەناردەکردن و چەند پرسێکی دیکەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وا بڕیارە لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکان کە ئەنجوومەنی نوێنەران پێکیھێناوە بۆ ئەوەی زانیاریی وەربگرێت لەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا بگاتە ھەرێم، ئەم لێژنەیە کاری لێکۆڵینەوە نییە لە بەرپرسانی ھەرێم، بەڵکو بۆ وەرگرتنی زانیارییەکانە سەبارەت بە نەوت لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە و ئەوان دەیانەوێت راستەوخۆ لەسەر نەوتی ھەرێم زانیارییان پێبدرێت".
شیروان میرزا ئەوەشی گوت "لێژنەکە دەیەوێت بزانێت چەند نەوت ھەناردە دەکرێت و چۆن دەردەھێنرێت و چەند دەردەھێنرێت و بەکێ دەفرۆشرێت و ئەو زانیارییانەی دیکەش، بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت لە حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زانیاری وەربگرن نەوەک لە شوێنی دیکەوە پێیان بگات، بۆ ئەوەی بەراوردی زانیارییەکانیش بکەن دواتر".
ئهندامی لێژنهی دارایی له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، شیروان میرزا سەبارەت بە ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەئێستادا گوتی: "لەئێستادا بەپێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکرێت، بەڵام زانیاریی دیکە باس لە ٤٨٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەکەن".
لە دانیشتنی لێژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە رۆژی ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لەسەر نەوتی ھەرێم پێکبھێنرێت کە لە حەوت ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکدێن و لە لایەن پەرلەمانتار ھەیبەت حەلبوسی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بڕیاریشە لە میانی دوو ھەفتەدا لێژنەکە راپۆرتی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرز بکاتەوە.
پێشتریش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی لێژنەکانی دارایی و ئابووری، نەوت و وزە و یاسایی کردبوو بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی کوردستان و تاوتوێی چەندین پرس بکەن.
شیروان میرزا هەروەها باسی لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق کرد و سەبارەت بەدوایین ئامادەکارییەکانی ئەو پرۆژەیە و پێشکەشکردنی بە ئهنجوومهنی نوێنهران لە لایەن حکوومەتەوە گوتی: "پڕۆژەکە کاری لەسەر دەکرێت و بڕیارە مانگی ١٠ی ئەم ئەمساڵ بگاتە ئهنجوومهنی نوێنهران و دواتر گفتوگۆی لەسەر بکرێت".
ئهندامی لێژنهی دارایی له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، شیروان میرزا سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکە گوتی: "بڕە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق زیاتر دەبێت لە بڕی بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ و ھۆکاریش زۆرن لەنێویاندا عێراق پێویستی هەیە بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە زیانباری شەڕن، ھەروەھا نرخی نەوتیش زیادیکردووە لە پاڵ چەند ھۆکارێکی دیکە".