سياسەت

سڕكردنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌كانی یه‌كێتی و پارتی ده‌خاته‌وه‌ پۆستی سه‌ركۆمار

راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، عارف روشدی رایده‌گه‌یه‌نێت "ئیستیحقاقی پارتییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت".

Hemn Baban  | 20.08.2018 - نوێکردنەوە : 21.08.2018
سڕكردنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌كانی یه‌كێتی و پارتی ده‌خاته‌وه‌ پۆستی سه‌ركۆمار

Arbil
هەولێر - AA
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت پۆستی سەركۆمار لە بەغدا بەرامبەر بە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە لە هەرێم.

جارێكی دی پۆستی سەركۆمار دەبێتەوە جێی مشتومڕ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردن و هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراقیش "شیعە، سوننە، كورد" بەتایبەت ئەم دوو پێكهاتەی دوایی كە باس لە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكانییان سەركۆمار و سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت لەنێوانیاندا.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی لە عێراق لە ساڵی 2003ەوە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەسەر هەرسێ پێكهاتەكەدا و بە شێوەی تەوافوقی دابەشكراوە لە نێوان شیعە، سوننە و كورد، بە شێوەیەك پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ یەكەم و سەرۆكی پەرلەمان و سەركۆمار بۆ دووەم و سێیەمیان بەدوای یەكدا بێت، ئەگەرچی ئەمە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقیش یەكلایی نەكراوەتەوە، بەڵام ئەم پۆستانە بەو شێوەیە دابەش كراون.

ماوەیەكە عەرەبە سوننەكان چاویان بۆ پۆستی سەركۆمار وەكو پارێزەری دەستووری عێراق تیژكردووە و پێیان وایە دەبێت ئەو پۆستە بۆ عەرەبێك و سوننەش بێت، بەڵام هێشتا كورد بەمە رازی نەبووە.

ئەگەرچی نزیكەی 100 رۆژ دەبێت هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق تەواوبووە، بەڵام هێشتا گفتوگۆی جیددی لەسەر ئەو مەسەلەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت نەكراوە، هیچ پۆستێكیش لەو سێ پۆستە بەتەواوەتی بۆ هیچ پێكهاتەیەك یەكلایی نەبووەتەوە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق نەبێت كە هەر دەبێت بۆ شیعەیەك بێت بەحوكمی ئەوەی زۆرینەی عێراق پێكدەهێنن.

هەر ئەوەندە نا ئەم پۆستە هێشتا لە نێوان یەكێتی و پارتیش وەكو دوو هێزی كوردی و كوردستانی كە زۆرترینی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە یەكلایینەكراوەتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 25 كورسییەوە چاوی بڕیوەتە ئەو پۆستەی لەوەتی هەیە لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003 بەدەستی یەكێتییەوەیە، ئەمەش بە مافی خۆی وەكو گەورەترین لیستی كوردستانی كە 25 لە كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردن و چەند جارێكە بەتوندی داكۆكی لەوە دەكات ئەو پۆستە بۆ ئەو بێت، یەكێتیش بە 18 كورسییەوە هێشتا ئەو پۆستە بە هی خۆی دەزانێت، رێككەوتنی پێشووتری ئەم دوو حزبەش ئەوەیە كە پۆستی سەركۆمار لە بەغدا بۆ یەكێتی و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش كە ئێستا سڕكراوە بۆ پارتی بێت و چەندین ساڵە ئەمە بەردەوامی هەبووە، بەڵام پێدەچێت سڕكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم ئەم هاوكێشەیە بگۆڕێت.

دیارترینی ئەو ناوانەشی كە قسەیان لەسەر دەكرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەگەر بێتو بەر پارتی بكەوێت هەریەك لە سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازل میرانی و جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رۆژ نوری شاوێس و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، فوئاد حوسێن، بەڵام راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بە ئاژانسی ئانادۆڵو رادەگەیەنێت "هیچ شتێكی وامان باس نەكردووە لەسەر كاندیدكردنی كەس، چونكە هێشتا بەجیددی نەچووینەتە سەر ئەو بابەتە".

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، عارف روشدی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئێمە تاوەكو ئێستا ئەو مەسەلەیەمان بەجیددی باس لێوەنەكردووە، چونكە مەسەلەی ئێمە لە بەغدا مەسەلەی پۆست نییە، بەڵكو كێشەی كارنامەی حكوومەتی ئایندەیە، كێشەی پابەندبوونی ئەو حكووومەتەیە بە دەستوور و مافە رەواكانی گەلەكەمانەوە، ئەگەر توانیمان ئەو مەسەلەیە چارەسەر بكەین دواتر دەچینە سەر پرسی پۆستەكان".

گوتیشی: "مەسەلەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار پۆستێكی ئیستیحقاقی خەڵكی كوردستانە، ئەگەر لە رووی حزبی و دەنگەكانیشەوە تەماشا بكرێت ئەوا پارتی زۆرترین دەنگی هەیە و ئیستیحقاقی پارتییە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێمە هێشتا نەچووینەتە وردەكاریی ئەو مەسەلەیەوە".

بەپێی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراق هەر كەسێك خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید بكات دەبێت شەش مەرجی تێدابێت ئەوانیش ئەمانەنن، عێراقی بێت و دایك و باوكی عێراقی بن، بەتەواوی شیاو بێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواوكردبێت، خاوەنی ناوبانگێكی باش و ئەزموونێكی سیاسیی بێت و شاهێدی بۆ دراو بێت لە رووی دەستپاكی و دادپەروەریی و چاكی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان، ئاستی زانكۆیی لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتر نەبێت، بەهیچ تاوانێكی ئابڕووبەرانە حوكم نەدرابێت، لەو كەسانە نەبێت كە رێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی و هیچ رێوشوێنێكی دیكە كە جێگرەوەی بێت بیانگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەنگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەنا بباتەوە بۆ كاندیدكردنی سەركۆماری ئێستای عێراق، فوئاد مەعسوم وەكو كاندیدی تەوافوقی كە سەرجەم بۆچوون و ئاراستەكانی یەكێتی لەسەری كۆك بن، هەرێم كەمال ئاغا لەو رووەوە دەڵێت "گرنگە ئەو پۆستە بۆ كورد بێت بە پلەی یەكەم بەتایبەت لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكرێت لەسەر ئەم مەسەلەیە، ئینجا دەبێتە گفتوگۆی ناو یەكێتی و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش گفتوگۆ هەبێت، دەبێت لەگەڵ لایەنەكانی نێو هەرێمیش قسەبكرێت و لایەنەكانی بەغداش رازی بن لەسەر ئەو كاندیدەی یەكێتی دەیپاڵێوێت بۆ ئەوەی ئەوكات دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت".

لە سەرەتای ئەم مانگەدا وا بڵاوبوویەوە كە كەسایەتییەكی یەكێتی بەناوی دكتۆر محەمەد سابیر ئیسماعیل بەربژێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت بۆ پۆستی سەركۆمار، بەڵام یەكێتی ئەمە رەت دەكاتەوە و دەڵێت تەنها سیڤی خۆی وەكو كاندیدێك داوە بە ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبە.

محەمەد سابیر ئیسماعیل لەدایكبوونی 1947ی شاری سلێمانییە، پێنج زمان دەزانێت، ماستەر و دكتۆرای لە فیزیای ئەتۆمیدا لە سوید بەدەستهێناوە.

ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوبارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "پۆستی سەركۆماری عێراق بەلای ئێمەوە ئیستیحقاقی كوردە و دەبێت بۆ كورد بێت و ئەمە یەكلایی بووەتەوە، ئەگەرچی لە دەستوور وەكو دیباجە باس لە تەوافوق دەكرێت، بەڵام وەكو جێگیركردن لەدەستوور وەكو ئەوەی لە لوبنان هەیە جێگیر نەكراوە، پێشتر یەكێتی و پارتی رێككەوتنییان هەیە و پۆستی سەركۆمار بەرامبەر بە پۆستی سەرۆكی هەرێمە كە ئێستا دەسەڵاتەكانی لە لای سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".

دەشڵێت" یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستی سەركۆمار بەمافی خۆی دەزانێت و ئەمەش لەسەر رێككەوتن لە هەرێمی كوردستان و بەغدا دەوەستێت، پۆستی سەركۆمار پتر تەشریفاتییە، بەڵام زیاتر رێزگرتنە لە پێكهاتەكان و رێزگرتنە لە پێكهاتەكانی عێراق و ئێمەش ئەو پۆستەمان بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بەكارهێناوە و لە خزمەتی یەكڕیزی ناوماڵی عێراق و جێگیركردنی دیموكراسییەت بەتایبەت ئەو كاتەی لەدەستی مام جەلال".

كەمال ئاغا لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە كاندیدكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەتایبەت پاش ئەوەی راگەیەنرا كە كەسێك لە لایەن ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حزبەوە پەسەندكراوە، گوتی: "تا ئێستا یەكێتی هیچ كەسێكی بەفەرمی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەكردووە، چونكە جارێ ئەو پۆستە دەبێت بۆ كورد و دوایش بۆ یەكێتی یەكلایی ببێتەوە و دواتر لە ئەنجوومەنی ناوەند و لەسەركردایەتی یەكێتی ئەوە یەكلایی دەكرێتەوە، بەڵام بەفەرمی هێشتا یەكێتی هیچ كەسێكی بۆ ئەو پۆستە یەكلایی نەكردووەتەوە".

ئەگەرچی رەخنەگران لەو ئاراستەیەی كە پۆستی سەركۆمار بۆ كورد بە گونجاو دەزانێت رەخنەی ئەوە دەگرن كە پۆستی سەركۆمار پۆستێكی تەشریفاتییە و هیچ سوودێكی ئەوتۆ بۆ كورد نەبووە لە دوای 2005ەوە، بەڵام بەشێكی دیكەش پێیان وایە پۆستەكە كاتێك لەدەستی جەلال تاڵەبانی بوو لە نێوان نیسانی 2014 بۆ حوزەیرانی 2014 باشتر توانی نوێنەرایەتیی كوردی تێدابكات و پتر توانیویەتی ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی عێراقییەكان. بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن