Barış Gündoğan,Muhammet Ali Kemal
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە لایەن هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولدا، رایگەیاند: ''پیوێستە تا دوا ئاست دژ بە ئامادەکارییەکانی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کە شارە تورکمانییەکانیش بگرێتەوە، بوەستینەوە. پێویستە ئەوە بزانرێت ئەم ریفراندۆمە کە ئەگەری هەیە ئەنجامبدرێت، پرۆڤەی کوردستانە. ئەم ریفراندۆمە بەتەواوەتی دژ بە تورکمانەکان و تورکیایە. ئەگەر هات و پێویستی کرد پێویستە ئەم ریفراندۆمە وەک هۆکاری جەنگ لە لایەن تورکیاوە بێتە ئەژمارکردن''.
لەبارەی سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەڵمانیاش، دەولەت باخچەلی گوتی: "گەلی تورک یاری بەردەستی ئەڵمانیا نییە. ھەموو کەسێک دەبێت سنووری خۆی بزانێت. مەھەپە پاڵپشتی لە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەت و دەوڵەت دەکات و، ئەو سیاسەتە بەدروست دەزانێت کە بەرامبەر ئەڵمانیا پەیڕەو دەکرێت و، راستگۆیانە پشتیوانی لێدەکات".
گوتیشی: ''ئەو کارانەی کە سیاسییە ئەڵمانییەکان کردییان، ئەو هەڵانەی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی ناوخۆ ئەنجامیاندا، روونکردنەوە ئابڕووبەرەکانیان، هەڵوێستە لایەنگیرییەکانیان کە لە بەرژەوەندیی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بوو، هەموویمان لەبەرچاوە. ئەڵمانیا کە کاتێک دێت خۆی دەخاتە شێوەی وڵاتێکی دیموکراتەوە، یان کە کاتێک دێت خۆی دەخاتە بەرگی ئازادیخوازیی یان پێشکەوتووەوە، بە هۆی پشتیوانییە نهێنییەکانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە ناتوانرێت بشاردرێتەوە، لە قافا گیراوە. فەتۆ لە ئەڵمانیایە، پەکەکە لە ئەڵمانیاوە تویت دەکات. دەرچوونی ئەو تیرۆریستەی کە ناوی عادل ئۆکسوزە لە تورکیا و ئەوەی کە لە چ رێگەیەکەوە دەربازکراوە، لەگەڵ کێ پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە، هێشتا شاردراوە و نهێنییە''.
دەولەت باخچەلی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە دەستگیرکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ئارادایە گوتی: ''بە بڕوای ئێمە شەڕەقسەکانی پەیوەست بە دەستگیرکردنی سەرۆکی گشتیی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، زیان بە ژیانی دیموکراسیمان دەگەیەنێت، ژینگەی سیاسییمان پیس دەکات. هەڵمەتێکی بەرنامە بۆداڕێژراوی رەش بە شێوەیەکی هۆشیارانە بەڕێوەدبرێت. جەهەپەش خوازیاری ئەوەیە بەرژەوەندیی سیاسیی لەو هەڵمەتەوە بەدەستبهێنێت. بەڕێز کڵچدارئۆغڵو کە سکاڵای لە تورکیا لە لای وڵاتانی بێگانە کردبوو لە کاتێکدا هیچ شتێک لە ئارادا نییە، دەرەنجامی نائاسایی لە راگەیەنراوێکی سەرکۆمارەوە بەرهەم دەهێنێت و بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن بە دەستگیرکردنەوە پەیوەست دەکات، بەبڕوای ئێمە تراجیدیایەکی کۆمێدییە''.