Ramal Abdullah Mahmood
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2017
کیێڤ – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، پێترۆ پۆرۆشینکۆ رایگەیاند کە بۆ وەرگرتنەوەی کریمیا و دۆنباس کە لەژێر کۆنترۆڵی جوداخوازانی لایەنگری رووسیادایە، سەرەتا رێگای دیپلۆماسی و ئاشتیخوازانە دەگرنە بەر.
لە ٢٦ەمین ساڵوەگەڕی راگەیاندنی سەربەخۆیی ئۆکراینادا لە گۆڕەپانی سەربەخۆیی لە شاری کیێڤی پایتەخت نمایشێکی سەربازی ئەنجامدرا. لە نمایشەکەدا ژمارەیەک لە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە نێویاندا وەزیری بەرگری تورکیا، نورەددین جانیکیلی و وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەمیس ماتیس بەشدارییان تیادا کرد.
لە میانی نمایشەکەدا سەرۆکی ئۆکراینا، پێترۆ پۆرۆشینکۆ گوتارێکی پێشکەش کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە لە ٢٦ەمین ساڵەوەگەڕی سەربەخۆییدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا واژوو کردووە. تیشکی خستە سەر ئەوەی کە مۆسکۆ هەوڵ دەدات رێگە بگرێت لە قۆناغی چوونی ئۆکراینا بۆ ناو یەکێتیی ئەورووپا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئامانجیان ئەوەیە ببنە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ.
پۆرۆشینکۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە ئاکامی هێرشەکانی رووسیا زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینا کوژراون و گوتیشی: "ئەمە شەرمەزارییە بۆ کرملین. هەرگیز ئەوەمان بیرناچێتەوە و لێیشی نابوورین. ئەمە یەکەم هێرشی رووسیا نییە بۆ سەر سەربەخۆیی ئۆکراینا. سوپای ئۆکراینا بەهێزتر دەبێت و بەردەوام دەبێت لە خۆنوێکردنەوە بە پێی ستاندەردەکانی ناتۆ".
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی توندی سەربازی لایەنی هێرشبەر (رووسیا) و گوتیشی: "بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی دۆنباس و کریمیا سەرەتا رێگای ئاشتیخوازانە، دیپلۆماسی، سیاسیی و یاسایی دەگرینە بەر".
لە نمایشەکەدا نزیکەی چوار هەزار و پێنج سەد سەرباز بەشدارییان کرد. لە نزیک گۆڕەپانەکە نمایشی ئەو زرێپۆشانەش کرا کە لە سیستەمی بەرگری تانک و تۆپ و مووشەک پێکهاتوون.