Abdullah Shukur
24 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
ماكگورك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەوانانی لەبارەی بەرەنگاربوونەوی داعش دایەوە.
- "ژمارەی چەكدارانی داعش بۆ ٢٥ ھەزار كەمبووەتەوە"
ماكگورك رایگەیاند كە لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسمانی نێودەوڵەتی دەستیان پێكراوە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق جووڵەی خۆی لەدەستداوە و ژمارەی چەكدارانیشی كەمبووەتەوە.
ماكگورك راشیگەیاند كە لە ١٢٠ وڵات چەكدارانی بیانی بەشداریان لەو رێكخراوەدا كردووە. ئاشكراشی كرد كە لەوەو پێش ژمارەی چەكدارانی ئەو رێكخراوەیان بە ٣٥ ھەزار خەمڵاندبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو ژمارەیە بۆ ٢٥ ھەزار كەمبووەتەوە.
ماكگورك ئاماژەی بەوە دا كە داعش مووچەی چەكدارانی بۆ نیوە كەمكردووەتەوەوە. جەختیشی لەوە كردەوە كە توركیا بە درێژای ٩٨ كیلۆمەتر رێوشوێنی ئەمنی لەسەر سنوور گرتووەتە بەر و ئەمەش بووەتە پێشگیریەك بۆ ئەوەی چەكدارانی نوێ بەشداری لەو رێكخراوەدا نەكەن.
- "بۆردومانکردنی حەلەب لەلایەن رووسیاوە بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی مرۆیی"
برێت ماكگورك گوتیشی: "ئەو ناوچەی كەوتووەتە باكووری حەلەب لە ژێر كۆنترۆڵی داعش و بەرەی نوسڕەدا نییە، بەڵكو لەو شوێنە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا بوونی ھەیە. ئەگەر رێككەوتنی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكان جێبەجێ بكرێت ئەوا پێویستە توندوتیژی بە شێوەیەكی بەرچاو لەو شوێنە كەم ببێتەوە".
ناوبراو ئاشكراشی كرد كە بۆردومانکردنی حەلەب لەلایەن رووسیاوە بارەكەی ئاڵۆزتر كردووە. گوتیشی: "رووسیەكان ھاوكاری ئەسەدن و بۆردومانی ئەو ناوچەیە دەكەن كە لە توركیاوە بۆ حەلەب كە ھاوكاری مرۆیی تێدا دەگوازرێتەوە ئەمەش بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی مرۆیی".
- "سەردانەکەی بۆ كۆبانێ"
برێت ماكگورك راشیگەیاند كە ئامانجی سەردانەكەی بۆ كۆبانێ لە ھەفتەی رابردوودا، بۆ دەستەبەركردنی "یەكریزی سیاسیی" بوو لە نێوان عەرەبەكان، كوردەكان و كریستیانەكان لەبارەی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەدێی شەدادی.
ماكگورك جەختی لەوەش كردەوە كە توركیا ھاوپەیمانێکی سەرەكی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشە.