03 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2018
بەغدا ــ AA
جێگری سەركۆماری عێراق، نوری مالیكی رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە ئێران روودەدات لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەڕبڕینی ناڕەزایەتی، پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و داوای كرد، رێوشوێنی گونجاو كە لە بەرژەوەندی گەلی ئێراندا بێت، بگیرێتەبەر.
لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، نوری مالیكی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لە بارەی هەڵوێستی خۆی لە هەمبەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێرانی داوەتەوە و رایگەیاندووە "ئەوەی ئيستا لە ئێران روودەدات، پرسێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، وێرای ئەوەی كە دوژمنانی ئێران هەوڵ دەدەن ئاژاوەگێری بنێنەوە و دڵەڕاوکێ دروست بکەن".
جێگری سەركۆماری عێراق داوای كردووە رەوشەكە هێور بكرێتەوە و رێوشوێنێكی گونجاو كە لە بەرژەوەندی گەلی ئێراندا بێت، بگیرێتەبەر.
نوری مالیكی هەروەها روونیكردووتەوە كە دەستێوەردان لە لایەن وڵاتانی دیكەوە لە كاروباری ناوخۆی ئێران رەت دەكاتەوە.
رووداوەکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجامی پرۆتستۆکردنی گرانیی ژیان و گوزەران، بێکاریی و گەندەڵیی لە لایەن ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی مەشھەدەوە، دەستی پێکردبوو. ناڕەزایەتییەکان لە ماوەیەکی کورتدا بۆ خۆپیشاندانی دژ بە رژێم گۆڕان و ھەریەک لە تاران، کرماشان، سنە، زەنجان، شیراز، قوم، ئەھواز، زاھیدان، ئەراک، خوڕەم ئاباد و زۆر شاری دیکەیان گرتەوە. تا ئێستاش لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا ٢٥ کەس گیانییان لەدەستداوە و زیاتر لە ھەزار کەس لە خۆپیشاندەران دەستبەسەرکراون.