Muhammed Bilal Kenasari,Rewa Mahmut Hasan
14 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هیزەر ناوێرت نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر بە کوژرانی ٧ کارمەند لە میانی هێرشکردنە سەر ناوەندی بەرگری شارستانی شاری ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا.
هیزەر ناوێرت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکە لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە.
ناوبراو رایگەیاندووە کە نیگەرانن لە کوشتنی کارمەندانی بەرگری شارستانی شاری ئیدلب لە کاتێکدا لە هەلومەرجێکی قورسدا هەوڵی رزگارکردنی ژیانی کەسانی مەدەنی دەدەن و پرسەی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی، حوسام حەلاق لە لێدوانیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە چەند کەسێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەربارەگای بەرگری شارستانی ناحیەی سەرمین باکووری پارێزگای ئیدلب و بە هۆیەوە ٧ کارمەند کوژراون.