Ramal Mahmood
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
دوای گوتەکانی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دەربازبوونی پەنابەرانی سووریا بۆ ئەورووپا، سەرلەنوێ ئەگەری لێشاوی کۆچبەران بۆ ئەورووپا هاوشێوەی ساڵی رابردوو هێنایەوە بەرباس.
سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکی لە لووتکەی نێودەوڵەتی ژن و دادپەروەرییدا رەخنەی لە ھەڵوێستی ئەورووپا لەبارەی پەنابەران گرتبوو و رایگەیاند بوو''ھیچ کاتێک راستگۆ نەبوون لەگەڵ مرۆڤایەتییدا و بەئاراستەیکی درووست تەماشاتان نەکردن. کاتێک کە شەپۆلەکانی دەریای ناوەڕاست تەرمی منداڵەکانی وەک ئالان-یان بەرەو کەناراوەکان دەبرد، ئەوە ئێوە نەبوون کە بچن ھەڵیان بگرنەوە، ئەوە ئێوە نەبوون کە منداڵەکانی وەک عومران-تان لەخۆگرت. ئەوە ئێمەین کە ٣ بۆ ٣ ملیۆن و نیو پەنابەر لەم وڵاتە بەخێودەکەین. ئەو بەڵێنانەتان نەبردەسەر کە داتان. کاتێک ٥٠ ھەزار پەنابەر دەگەیشتە کاپیکولە، دەستتان بە ھاوارکردن دەکرد. گوتتان 'ئەگەر تورکیا دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە، ئێمە چی بکەین'. تەماشا کەن، ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن، ئەوا ئەو دەروازە سنوورییانە دەکرێتەوە، ئەوە بزانن. نە من و نەگەلەکەم لەو ھەڕەشە فریودەرانە سڵناکەینەوە، ئەوە بزانن''. بەم پێیەش لێشاوی پەنابەرانی لە شاری ئەدیرنە و کەناراوەکانی دەریای ئیجەی وەبیرھێنایەوە.
لەمبارەیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاری پەنابەرانی سووریا، محەمەد ساڵح عەلی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لەدوای لێدوانەکەی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوە دێتە بەرباس کە ئایا تورکیا سنوورەکانی بەڕووی پەنابەرانی سووریادا دەکاتەوە؟ ئەوەیشی خستەڕوو کە هەزاران پەنابەری سووری بەهۆی دەرفەتەکانی کار، پەروەردە و تەندروستی دەیانەوێت رووبکەنە ئەورووپا و گوتی: "ئەگەر دەروازەکانی ئەورووپا بکرێنەوە ئەوا پەنابەرانی سووری دڵخۆش دەبن. دەورووبەری سێ بۆ چوار ملیۆن پەنابەر لە تورکیا دەژین. بەلانیکەم لە سەدا دەی ئەوانە دەیانەوێت رووبکەنە ئەورووپا".
سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی گەلان، جەم تەرزی بەتوندی رەخنەی لە هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا گرت لەبارەی پرسی پەنابەران، ئاماژەی بەوە دا کە تاکو ئێستا وڵاتانی ئەورووپا راشیان نەگەیاندووە کە چەند پەنابەر وەردەگرن.
ئەو پەنابەرە سووریانەی بەهۆی جەنگی ناوخۆ و کێشە ئابووری و سیاسییەکان وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و پەنایان بۆ تورکیا هێناوە دەیانەوێت لەڕێگەی دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستەوە بە نایاسایی رووبکەنە ئەورووپا.
تیمەکانی فەرماندەیی ئەمنی کەناراوەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤دا رێگەیان لە ١٤ هەزار و ٩٦١ پەنابەر، لە ساڵی ٢٠١٥دا لە ٩١ هەزار و ٦١١ پەنابەر و لە ساڵی ٢٠١٦شدا رێگەیان لە ٣٦ هەزار و ١٧٨ پەنابەر گرتووە لەوەی لە دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاستەوە بگەنە دوورگەکانی یۆنان.
دوای رێککەوتننامەی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا بەمەبەستی بەرگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا بە بەراوورد لەگەڵ چەند مانگی رابردوو نزیکەی لەسەدا ٩٠ کەمبووەتەوە. لە مانگی نیسانی رابردووەوە ١٣ هەزار و ٣٩٥ کەس دەستگیرکراون کە هەوڵیان داوە بەڕێگەی نایاسایی رووبکەنە ئەورووپا.