Hamit Hüseyin
13 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2016
ھەولێر
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ئاساییشی میونخ ٢٠١٦ سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كرد.
بەپێی ھەوالێكی ماڵپەری سەرۆكایەتی ھەرێم لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونخ ٢٠١٦ و لە یەكەمین رۆژی ئەم كۆنفڕانسەدا سەرۆك بارزانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیدار و چالاكی چڕوپڕی دیپلۆماسی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی جیھان ئەنجام دا و تێیدا سەرۆك بارزانی سیاسەتی ھەرێمی كوردستانی لەبارەی شەڕی دژی داعش و دوایین پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و عێراق و سووریا و ھەروەھا قەیرانی دارایی و ریفراندۆم خستە روو.
لە چوارچێوەی ئەم دیدار و چالاكیانەیەدا پێشنیوەڕۆی دوێنێ ھەینی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی پێشوازی لە رۆدریك كیزلیتەر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە حزبی دیموكرات مەسیحی كرد. لە كۆبوونەوەكەدا ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆی و حزبەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە و ھەروەھا پاڵپشتیی لە ھەڵوێستی حكوومەتی وڵاتەكەی كرد بۆ پشتیوانیكردنی ھێزی پێشمەرگە و مەشق و راھێنان و ھاوكاریكردنی حكوومەتی ئەڵمانیا بۆ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ھەروەھا لە بەرامبەردا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا و حزبی دیموكرات مەسیحی كرد بۆ پشتیوانی و پاڵپشتیان لە ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە. ھەروەھا ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و ھەروەھا باسی لە بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد.
ھەر ھەمان رۆژ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونخشن ٢٠١٦ پێشوازی لە ژان ئیۆ لۆدریان وەزیری بەرگری فەڕەنسا و شاندی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و كوردستان و ھاوكارییە سەربازییەكانی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وەزیری بەرگری فەڕەنسا ئەوەی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بە ھەموو توانایەك لە شەڕی تیرۆیستانی داعشدا پشتگیریی ھەرێمی كوردستان و ھێزی پێشمەرگە دەكات. پێزانینیشی بۆ قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە ھەبوو و ئازادكردنی شنگالیشی بە سەركەوتنێكی مەزن و سیمبولیكی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستان وەسف كرد.
لە دیدارەكەدا بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ و ریفڕاندۆم و قەیرانی دارایی ھەرێم و مەترسییەكانی ئەو قەیرانە لەسەر بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیان لە ھەرێمی كوردستان كرد. ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و فەڕەنسا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ھەر دوێنێ ھەینی و لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونخ ٢٠١٦دا بارزانی سەردانی شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئوردن كرد. لە دیدارەكەدا كە لە كەشێكی گەرم و دۆستانەدا بەڕێوەچوو، بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی سووریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ھەردوولا تاوتوێ كرا.
لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ پادشای ئۆردۆن سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی پێشوازی لە تەممام سەلام سەرۆكوەزیرانی لوبنان و شاندی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و دوا پێشھاتەكان و ریفڕاندۆم و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و لوبنان تاوتوێ كرا و سەرۆكوەزیرانی لوبنان سوپاسی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی كرد لەوەی كە ھاووڵاتییانی لوبنانی لە ھەرێمی كوردستاندا ئاسانكاری و پێشوازییەكی باشیان لێ دەكرێت.
پێشوازیكردن لە پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دیدارێكی دیكەی سەرۆك بارزانی بوو لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونخ ٢٠١٦. لەم دیدارەدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رۆشنایی خستە سەر بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و باری دارایی ھەرێم و ریفڕاندۆم. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بەڵێنی ئەوەی دا كە پەیوەندییەكانی ئابووری نێوان ھەردوولا وەك پەیوەندییە سەربازییەكان پتەو و توندوتۆڵ ببن و وڵاتەكەی لە یارمەتیدانی ھەرێمی كوردستان و مەشق و ڕاھێنانی پێشمەرگە و پۆلیسی ھەرێم بەردەوام بێت. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە بەنداوی مووسڵ و ئەو مەترسیانە كرا كە پەیوەستن بە بینا و ژێرخانی بەنداوی مووسڵ و سەرۆك بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە كۆمپانیایەكی ئیتاڵیا سەركەوتووانە بەردەوامە لە كاری چاودێری و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئەوەی بەنداوی مووسڵ خۆی لە بەرامبەر ئەو مەترسیانە بگرێت كە ھەڕەشەن لەسەر ژێرخان و بینای بەنداوەكە.
ھەر ھەمان رۆژ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لە فیلیپ ھامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سەربازی و دارایی ھەرێم و ریفڕاندۆم و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و باسیش لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرا.
پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرۆك بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبۆیەوە. لە دیدارەكەدا بە شێوەیەكی راشكاوانە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری ھەرێمی كوردستان و عێراق و ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیاریش درا كۆبوونەوە و دانوساندن و دیالۆگی نێوان ھەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ لە ئاستە جیاجیاكاندا بەردەوامی ھەبێت.
لە بەردەوامی چالاكییە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك بارزانی لە رۆژی یەكەمی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونخ ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەروەی توركیا كۆبۆیەوە. لە كۆبوونەوەكەدا باس لە فراوانكردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێم و توركیا كرا و وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیای بە گرنگ و كاریگەر و مێژوویی وەسف كرد. شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی شاری مووسڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.