Mustafa Deveci,Ramal Abdullah Mahmood
10 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2018
قودس – AA
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، نیكی هالی نیگه‌رانی قوڵی ئیداره‌ی ئیسرائیلی لێكهوتهوه.
هالی كه به‌وه ناسراوه له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی داكۆكی له ئیسرائیل كردووه دوێنێ له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند.
هه‌ر دوای بیستنی ئه‌و دهستلهكاركێشانهوهیهش گه‌وره به‌رپرسانی ئیسرائیل به دوای یه‌كدا راگه‌یاندراویان بڵاوكرده‌وه.
سه‌ركۆماری ئیسرائیل روئوڤین ریڤلین رایگه‌یاند: "سوپاسی باڵیۆز نیكی هالی ده‌كه‌ین داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا بوو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌باره‌ی ئیسرائیل و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری پشتگیریكردنی مافه‌كانمان نه‌بوو بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌مان".
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیلیش بنیامین ناتانیاهۆ هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ هالی خواست له كاره‌كانی داهاتوویدا و رایگه‌یاند: "سوپاسی باڵیۆز هالی ده‌كه‌ین به‌وه‌ی پێشه‌نگایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندی 'دووڕوویی' ده‌كرد له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان".
- "هه‌میشه به دۆستی ئیسرائیل ده‌مێنیه‌وه"
سوپای ئیسرائیلیش له هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له تویته‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی نیكی هالی نووسیوویه‌تی: "سوپاسی باڵیۆز هالی ده‌كه‌ین كه له‌گه‌ڵ خزمه‌ته‌كانی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پشتگیری ئیسرائیلی كردووه. سه‌ربازه ئهركدارهكانی ئیسرائیل سڵاو له ئێوه ده‌كه‌ن".
نوێنه‌ری ئیسرائیلیش له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دانی دانۆن-یش له هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند: "سوپاست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێگات خۆشكرد بۆ گۆڕانكاری له ستاتۆی ئیسرائیل له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. هه‌میشه به دۆستی ئیسرائیل ده‌مێنیه‌وه".
رۆژنامه‌ی Times of Israel رایگه‌یاند: "به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نیكی هالی ئیسرائیل دڵسۆزترین هاوپه‌یمانی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ده‌ستدا".