Azat Muhammet
02 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2017
دهۆک - AA
ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، دلشاد شەهاب رایگەیاند "کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان نزیکبووەتەوە، چاوەڕوانى وەڵامى بزووتنەوەى گۆڕان دەکەین و نەرمى نواندن و بە دەنگەوە هاتنێکى باش هەیە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا دۆخى پەرلەمان ئاسایی ببێتەوە".
دلشاد شەهاب لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بۆ تاوتوێکردنى پرسى ریفراندۆمى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان بە سەردانێکى فەرمى دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بڕیار بەدەستدانى بەغدا کۆدەبنەوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر چەندین خاڵى هاوبەشى نێوان هەردوولا دەکرێت. ئەو شاندەى دەچێتە بەغدا ئەگەر لە هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێمیش پێک نێت، بەڵام بە پێى رێککەوتنى نێوانمان بێت لایەنەکانى بەشدار لە شاندەکە نوێنەرانى هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێم دەکەن".
گوتیشى: "تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆمە، دواتر تیشک دەخەینە سەر خاڵە هاوبەشەکانى نێوانمان، چونکە ئەگەر هەرێمى کوردستان دواى ریفراندۆم سەربەخۆیش رابگەیەنێت پەرە بەو خاڵە هاوبەشانە دەدات کە لە بەرژەوەندى هەردوولاماندایە و وەک دوو وڵاتى دراوسێ درێژە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین".
- "دواى ریفراندۆم، لەگەڵ عێراق و وڵاتانى دراوسێ هەنگاونانى دیپلۆماسى بۆ سەربەخۆیی دەست پێدەکەین"
لەبارەى قۆناغى دواى ریفراندۆم دلشاد شەهاب دەڵێت "چاوەڕوان دەکەین خەڵکى ئێمە لە ریفراندۆم بە بەڵێ دەنگ بدات، دواتر هەنگاونانێکى دیپلۆماسى دەست پێدەکەین یەکەمجار لەگەڵ عێراق وەک وڵاتێک کە لە رابردوو شەریک بووین و ئینجا هەموو وڵاتانى دراوسێ دڵنیا دەکەینەوە لەوەى هەبوونى دەوڵەتى کوردستان لەم ناوچەیەدا نابێتە هۆى دروستبوونی هیچ جۆرە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەک لەسەر وڵاتانى دراوسێ، بۆیە هیوادارین ئەم پەیامەمان بە دۆستان و دراوسێکانى هەرێمى کوردستان بگات، ماوەى ٢٠ ساڵە حوکمڕانى نیمچە سەربەخۆ لە هەرێم بەڕێوە دەبەین و هەموو دەسەڵاتێکمان بەسەر هەرێمى کوردستاندا هەبووە و لە ئەنجامیشدا بووینەتە هۆکارى ئارامى و سەقامگیرى بۆ خۆمان و هەروەها بۆ وڵاتانى دراوسێمان".
دەشڵێت "سنوورى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا زۆر سەقامگیر و ئارامترن و هەرکاتێک هەرێمى کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، رێزى زیاتر لە پەیوەندى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ دەنێت، ئەرکى زیاتریشمان دەکەوێتە ئەستۆ و هەروەها هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بەم ئەرکانە کە نەهێڵێت خاکى هەرێمى کوردستان ببێتە هۆى نا ئارامى لەسەر وڵاتانى دراوسێ".
ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى پارتى ئاماژەى بەوەشدا کە دواى تاوتوێکردنى پرسى دەوڵەتى کوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانى دراوسێ، وڵاتانى زڵهێزى جیهان تێدەگەیەنین کە ئێمە لە جەنگى دژ بە تیرۆر کاریگەر و بەردەوام دەبین و بە هیچ شێوەیەک هیچ دژایەتیکردن لە ئەجێنداى دەوڵەتى ئایندەى کوردستاندا نابێت، بەڵکو وەک نموونەیەکى تەبا و پێکەوەژیان لە نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکان لە کوردستان، دەمانەوێت نموونەیەکى جوانى شارستانى و سەردەمیانە پیشانى هەموو جیهانى بدەین".
- "بە دەنگەوەهاتنى باش هەیە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان"
ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان، دلشاد شەهاب سەبارەت بە کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان گوتى: "بۆ رێزگرتن لەو ئیرادە گەورەیەى کە زۆرینەى لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکان لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم ئامادەبوون، بە واتایەکى دیکە کە ئەو لایەنانە زۆرینەى پەرلەمانتارانى پەرلەمانى کوردستان پێکدەهێنن لە کۆبوونەوەکانیشدا پارتى دیموکراتى کوردستان بە راشکاوى هەڵوێستى خۆى لەبارەى کاراکردنەوەى پەرلەمان راگەیاندووە کە بە بێ مەرج پەرلەمان دەست بە کارەکانى بکاتەوە، بۆ ئەوەى پەرلەمان لە پێناو پتەوکردنى پاڵپشتییەکان بێت بۆ سەرخستنى پڕۆسەى ریفراندۆم".
گوتیشى: "میکانیزمى کاراکردنەوەى پەرلەمان روونە، ئێمە دەڵێن بە هەمان شێوەى جاران کارا بکرێتەوە و لە ئێستا چاوەڕوانى وەڵامى بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان دەکەین، واش چاوەڕوان دەکەین بە دەنگەوە هاتنێکى باش هەیە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان دێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان".
- "ناکرێت پرۆسەى سیاسى و ئایندەى هەرێم ببێتە قوربانى هەڵوێستى لایەنێکی سیاسى"
دلشاد شەهاب ئاماژەى بەوەدا کە دەیانەوێت کۆدەنگییەک لەسەر کاراکردنەوەى پەرلەمان هەبێت و گوتى: "ئەگەر خوا بیەوێت حەز دەکەین هەموومان پێکەوە پەرلەمان کارا بکەینەوە، بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت پەرلەمان ئاسایی نەبێتەوە، ئەو کات پێویستە هەموو لایەنەکانى دیکە هەڵوێستى روونیان هەبێت بەرامبەر بە پرسى پەرلەمان، چونکە ناکرێت پرۆسەى سیاسى و ئایندەى هەرێم ببێتە قوربانى هەڵوێستى لایەنێکی سیاسى".
- "ئەگەر نرخى نەوت وەک ئێستا جێگیر بێت، دۆخى دارایی هەرێم لە ئایندەیەکى نزیکدا باشتر دەبێت"
دلشاد شەهاب ئاماژەى بەوەشدا کە ئەگەر نرخى نەوت وەک ئێستا جێگیر بێت و هیچ قەیرانێکى دیکەى چاوەڕواننەکراو لە ناوچەکە یان لە جیهان دروست نەبێت، پێشبینى ئێمە وایە لە ئایندەیەکى نزیکدا دۆخى دارایی هەرێمى کوردستان و بژێوى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و دۆخ و گوزەرانیان باشتر دەبێت.
- "تورکیا وەک دەروازەیەکى سەرەکى بە راشکاوى رایگەیاندووە کە سنوور بە رووى هەرێم داناخات"
ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى پارتى دووپاتیکردەوە کە ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ مەترسى نییە بۆ سەر بازاڕەکانى هەرێم و گوزەرانى هاووڵاتییان و گوتی: "وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا کە دەروازەیەکى سەرەکيیە لە بەستنەوەى هەرێمى کوردستان بە جیهان هەڵوێستیان راگەیاندووە ئەگەرچى تێبینیان لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم هەیە، بەڵام سنوورداخستن و ئابلوقە خستنە سەر هەرێم لە تورکیا و هیچ وڵاتێکى دیکە هەستمان پێینەکردووە، تورکیا بە راشکاوانە رایگەیاندووە کە سنوور داناخات بە رووى هەرێمى کوردستان و لە ئێستاشدا زۆرینەى ئەو کەلوپەلانەى هاووڵاتییان رۆژانە بەکاریدەهێنن لە وڵاتى تورکیاوە دێتە هەرێمى کوردستان".