Azat Muhammet
02 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
دهۆک - AA
سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، محەمەد ئیحسان رایگەیاند "ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت ،بەغدا قبووڵى بێت یان قبووڵى نەبێت. دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و گۆڕینى نەخشەى سیاسى ناوچەکە، هەڵوێستى بەغداش گۆڕانکارى بەسەردا دێت".
محەمەد ئیحسان لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "لەبەر ئەوەى ئەنجامدانى ریفراندۆم مافێکى سروشتیی هاووڵاتییانى کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەرێمى کوردستان لە ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پشتگیرى و هاوکارى نێودەوڵەتى هەیە، هیچ وڵاتێک نییە دژ بە پڕۆسەیەکى دیموکراسى بێت کە خەڵک بڕیارى خۆى بدات. ئەو وڵاتانەى دژ بە ریفراندۆمى هەرێمیش بن دیارە باوەڕیان بە مافى خەڵک و دیموکراسى نییە لە وڵاتى خۆیان و لە دەرەوەى وڵاتەکەیان، ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئێمە ئەو مافە بە دەست بهێنین، دواتر وڵاتانى زڵهێزى جیهانیش هەڵوێستى خۆیان دەبێت".
محەمەد ئیحسان دووپاتىکردەوە کە ریفراندۆم لە هەموو ئەو ناوچانە کوردستانییەى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم ئەنجام دەدرێت کە لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدایە و هەندێک ناوچەیش هەیە ئەگەر ریفراندۆمیش تیادا ئەنجام نەدرێت وەک خاکى هەرێمى کوردستان هەر دەمێنێتەوە. لە ریفراندۆمیش ئەگەر خەڵکى ئەو ناوچانە دەنگیان بە بەڵێ دا و ویستیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بمێننەوە، ئێمە بەو پەڕى خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکەین، ئەگەر خەڵکیش دەنگى نەدا رێز لە بڕیارى خەڵکى ئەو ناوچانە دەگرین".
- "رێگە نادەین سەربەخۆیی هەرێم ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى تورکیا"
لە بارەى هەڵوێستى تورکیا لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم دەڵێت "ئێمە تورکیا وەک وڵاتێکى دراوسێى ستراتیجى دەبینین، ئەگەر ئەوان بۆچوونیان جیاواز بێت لەگەڵ ئیمە، بەڵام ئێمە تورکیا دڵنیا دەکەینەوە کە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى تورکیا و وڵاتانى ناوچەکەدایە، ئەم گفتوگۆیانەمان لەگەڵ تورکیا بەردەوامى دەبێت، چونکە بە راستى بۆچوونێکى وا هەیە، ئێمەیش رێگە نادەین سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى تورکیا و وڵاتانى دراوسێ".
- "هەرێمى کوردستان دواى سەربەخۆیی تەواوکەرى ئەزموونى حکومڕانى بەغدا نابێت"
سەبارەت بە سیستەمى حکومڕانى هەرێمى کوردستان دواى راگەیاندنى سەربەخۆیی، محەمەد ئیحسان گوتى: "هەرێمى کوردستان دواى راگەیاندنى سەربەخۆیی تەواوکەرى ئەزموونى بەغدا نابێت، بەڵکو سیستەمى حکومڕانى بە شێوازێکی پێشکەوتوو و نوێ دەبێت، چونکە قۆناغى دەوڵەت بوون جیاوازە لە قۆناغی هەرێم بوون".
سەرۆکى پێشووى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، محەمەد ئیحسان پێیوایە کە هەڵوێستى بەغدا گۆڕانکارى بەسەردا دێت و گوتی: "دواى گۆڕینى نەخشەى سیاسى لە ناوچەکە، هەڵوێست و کارى جددى دواى ریفراندۆمى هەرێم دەست پێدەکات، پێش ئەنجامدانى ریفراندۆم بەغدا لەگەڵ ریفراندۆم بێت یان دژى ریفراندۆم بێت، هەرێمى کوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات".