ئەنقەرە
مولکیە بیرتانە پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP رایگەیاند: لەگەڵ ھاوڕێکانیدا پێشنیاریانکردووە بۆ پەرلەمانی تورکیا تا بەدواداچوون بکەن بۆ دەنگۆی زیادبوونی دیاردەی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەرو وزەبەخشەکان لەلایەن وەرزشوانانەوە کاتێ سەردانی دەرەوەی وڵاتی تورکیا دەکەن بۆ بەشداری کردنی لە پاڵەوانێتییەکان .
لەو پێشنیارەدا کە پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراوە ھاتووە " یەکێ لەو تێبینیانەی لیژنەی دیاریکردنی شوێنی ئەنجامدانی ئۆڵومپیادی ٢٠٢٠ تۆماریان کردووە، پرسی بەکارھێنانی مادەی وزەبەخش بووە لەلایەن وەرزشوانە تورکەکان، ئەوان دەڵێن کاریگەریی خراپی ھەبووە لەسەر دیاریکردنی تورکیا وەک شوێنی ئەنجامدانی ئۆڵومپیادی ٢٠٢٠ ".
ھەروەھا ھۆشدارییان داوە لەوەی ڕێگری بکرێ لە تورکیا تا بەشداریی پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان نەکات، ئەویش بەھۆی زۆری بەکارھێنانی مادەی وزەبەخش و ھۆشبەر لەلایەن وەرزشوانانەوە.
پەرلەمانتاران پێشنیاریان کردووە لێکۆڵینەوە بکرێ لەو بارەیەوە.