ھەولێر
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ئەرسەلان بایز) مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە٨٨ لاپەڕەدا نووسیویەتی، تێیدا چەندین زانیاریی باسنەکراوی خستووەتەڕوو.
بایز نووسیویەتی: فشاری ئێران و تورکیا و حکومەتە عەرەبییەکان رێگربوون لەوەی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بخرێتە راپرسییەوە لەساڵی ٢٠٠٩.
ئەرسەلان بایز لەو کتێبەدا تیشک دەخاتە سەر چەندین مەسەلەی پەیوەست بە دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پرسی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەر لەنووسینەوەی تا گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان. لە پێشەکی نامیلکەکەدا دەڵێ ئەو رێککەوتننەی لەنێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ کرا و لەپەرلەمان بە یاسایی کرا، ئۆپۆزسیۆن بە بەرنامە شێواندی تا خەڵکی پێ چەواشە بکەن و یەکێتی نیشتمانی و پەرلەمانی پێ لەکەدار بکەن "ئەو رێککەوتنە کوردستانی لە قەیرانێکی قوڵ رزگار کرد" بەپێی بۆچوونی ئەو.
ئەرسەلان بایز لەبارەی دواخستنی راپرسی لەسەر پرۆژەی دەستووری ھەرێم کە بڕیار بوو رۆژی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ئەنجام بدرێ، نووسیویەتی: بە فشاری ئێران و تورکیا و حکومەتە عەرەبییەکان ئەو راپرسییە نەکرا " ئەوان لەوە ئەترسان کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی ئیتر بیر لە جیابوونەوە بکاتەوە، ھەڵوێستی ئەمریکایش ھەڵبژاردنی بێدەنگی بوو ئەو پشتیوانی لە ریفراندۆمی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان نەکرد، پرۆژەی دەستوور بووە قوربانی ململانێ و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ بۆیە پێویستە پێش ریفراندۆم بەکۆدەنگییەکی نیشتمانی بەتەوافوق ھەمواربکرێتەوە".
بایز بەو جۆرە تێڕوانینی حیزبەکەی خستووەتە روو "یەکێتی نە لەگەڵ رای پارتی دا بوو بۆ ریفراندۆم لەسەر پرۆژەی دەستوور، نە لەگەڵ یەکسەر گەڕانەوەشی بوو بۆ نێو ھۆڵی پەرلەمان، لەناو مەکتەبی سیاسیی پارتیش خەڵکانێکی زۆر ھەبوون لەگەڵ گەڕانەوە و ھەموارکردنەوەی پرۆژەی دەستوور بوون و پێیان کارێکی ئاسایی بوو".
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا بایز تیشک دەخاتە سەر ھێرشی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەر یەکێتی و مام جەلال نووسیویەتی "چەند جارێک مام جەلال بە تەلەفۆن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا قسەی کرد، چەندین کەسیشی راسپارد بۆ ئەوەی ئەو شەڕە قسە و راگەیاندنانە لەنێوانماندا نەمێنێ، کەچی گۆڕان بێ رەچاوکردنی نەریتی ھاوڕێیەتی، بێ رەچاوکردنی نەریتی ٤٠ ساڵەی تاڵ و سوێری، ھەورازو نیشێوی سیاسەت، زۆر دڵڕەقانە ھێرشی کردە سەر جەنابی مام جەلال. ئێمە چاوەرێی ئەوەمان لە کاک نەوشیروان دەکرد دوعای خێری بۆ بکردایە، کەچی کەوتە گوتن بە مام جەلال".
بایز لەنامیلکەکەدا باسی سەردانێکی خۆی دەکات بۆ لای نەوشیروان مستەفا تا پێشنیازی پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوانی بخاتە بەردەست و لە بەرامبەردا دوا خستنی ھەردوو ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵ " پێشنیازم کرد لەم حکومەتە گۆڕان ٣ تا ٤ وەزیر و یەکێتی ٣ تا ٤ وەزیر و ئیسلامییەکانیش چەند وەزیرێکیان دەبێ، بەڵام نەوشیروان مستەفا پێی گوتم ئێمە ئێستا بەشداریی حکومەت ناکەین، ئەگەر پرۆژەی دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەماندا بکرێت ئەوا گۆڕان ئامادەیە چوار ساڵی دیکە تەنانەت دوو خولی دیکە دەنگبداتە مەسعود بارزانی ".