نیویۆڕک
سوپاسالاری سوپای ئازادی سوریا (سەلیم ئیدریس) لەڕێی پرۆگرامی سکایپەوە پەیوەندیی بە تەلەڤزیۆنی (PBS) کردو گوتی " ئێمە بێ ھیوابووین لە وەستاندنی رووداوە خوێناوییەکانی سوریا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، وەک رۆژی رووناک دیارە ئەسەد بکوژ و ھەڵگیرسێنەری جەنگە. کەچی تا ئێستا وەک بێتاوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. بەھۆی پێشنیارەکانی روسیاو چەند ھۆکارێکی دیکە قەیرانی سوریا فەرامۆشکراوە. ئەوە خەڵک و شۆڕشگێرانی سوریای بێ ھیوا کردووە. ئیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشیی لە قوربانییەکانی سوریا دەکەن ".
ئیدریس روونیکردەوە ئەوان گروپێکی جیان. ئەو یارمەتییانەش کە پێیان دەگات بەسەر ئەندامانی خۆیاندا دابەشی دەکەن ، نایکەنە کۆمەک بۆ گروپێکی دیکە. جگە لەوە تەنانەت زانیارییش لەنێوان یەکتر ناگۆڕنەوە.
ئیدریس ئاماژەی بە روونکردنەوەکەی سوپاسالاری ئەمریکا کرد کە گوتبووی "ھێشتا ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سوریا ئامادەنین" بەوجۆرەش وەڵامی دایەوە "ئێستا ئیتر ئامادەین. وەک سوپای ئازادی سوریا پاڵپشتیی خۆمان بۆ ھەر ھێرشێکی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە رادەگەیەنین. ئێستا ھێزەکانمان لەڕووی سەربازییەوە تەواو ئامادەن".