Heman Hussein Yaseen
21 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2020
هه‌ولێر- AA
داواكاری گشتیی داوای له وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی كردووه، هه‌ستن بە داخستنی یەکجارەکی کەناڵی ئێن ئاڕتی (کوردی و عەرەبی) بە مەبەستی ھێورکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆ، لەبەرئەوەی ھەواڵ و راپۆڕتەکانیان ھۆکارێکە بۆ ھاندانی خەڵک بۆ پێشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
لە نووسراوێکدا کە كۆپییه‌كی ده‌ست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، داواکاری گشتیی داوا ده‌كات "لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی بە پێویستی دەزانین ھەستن بە داخستنی یەکجارەکی کەناڵی ئێن ئاڕتی (کوردی و عەرەبی) بە مەبەستی ھێورکردنەوەی بارودۆخی ناوخۆ لەبەرئەوەی ھەواڵ و راپۆڕتەکانیان ھۆکارێکە بۆ ھاندانی خەڵک بۆ پێشێلکردنی سەرجەم رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی وشڵەژاندنی باری دەروونی ھاووڵاتییان لە کات و ساتێکی وا ھەستیار و ترسناکدا".
نووسراوەکە بە ژمارە ٤٤٠، رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بە واژووی سەرۆکی داواکاری گشتیی دەرچووە.
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی بابەتەکە، ئاژانسی ئانادۆڵو پەیوەندیی کرد بە نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدەمین و ناوبراو ئاشكرایكرد، بابەتەكه پەیوەندیی بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ھەیە و بێ ئاگایی خۆی لە بابەتەکە نیشاندا.
ھاوکات گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئازاد دارتاش، رایگه‌یاند، ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندیی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌وه هه‌یه.
بۆ به‌دواداچوونی زیاتر، ئاژانسی ئانادۆڵو په‌یوه‌ندیی كرد به به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه نه‌درایه‌وه.