پاریس
دادگای فەرەنسی لە دۆسیەی سەرۆکی پێشووی فەرەنسادا بریاری بێھەڵویستی دەرکرد و پارێزەری دادگاکەش ناڕەزایی لە بڕیارەکە دەرنەبڕی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارێزەر ماریا مادێلینە ئەلیۆت رایگەیاند ھیچ رەخنەیەکمان لە بڕیارەکەی دادگا نیە و ناڕەزایی دەرنابڕین سەبارەت بەناردنی ١٠ کەسیتر بۆ دادگا لە ھەمان دۆسیەدا.
بەئاشکراکردنی بڕیاری بێ ھەڵوێستی لەلایەن دادگاوە لە دۆسیەی سارکۆزدا مشتومڕ لەبارەی گەڕانەوەی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا بۆ گۆڕەپانی سیاسی سەری ھەڵداوە.
مێدیا و کەناڵەکانی فەرەنسا وەک ھەواڵی یەکەم بەمانشێت ڕایانگەیانووە کە بەربەستی گەورەی بەردەم سارکۆزی بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی دۆسیەی دادگاییەکەی بوو، ئێستاش ئەو ڕێگرییە نەماوە.
لەلایەن خۆیەوە نیکۆڵا سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا لە سایتی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: دادگا بڕیاری بێ ھەڵوێستی بۆ دۆسیەکەم ئاشکرا کرد، پارێزەران پێیان ڕاگەیاندم کە بێتاوانم، سوپاسی یەکێتیی پارتی گەل دەکەم بۆ ئەو پشتیوانیەی لێیان کردم، "ئەم بریارەش وەڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ سیاسەتم لەکەدار بکەن، بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابن".
پارێزەرانی دادگای فەرەنسی سەبارەت بە بڕیاری دادگا لەبارەی دۆسیەکەی سارکۆزی گوتیان: بەڵگەیەکی بەھێز نەبووە بۆ دەرخستنی تاوانباریی سارکۆزی، بۆیە دادگا ھیچ بڕیارێکی نەدا.
نیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشوی فەرەنسا بەتۆمەتی زیادەڕەوی لە خەرجکردنی پارەی وڵات بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پارتەکەی لەلایەن دادگای فەرەنسیەوە تۆمەتبار کرابوو.