Zana Natık Kerem
25 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2017
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە ئەنجامدانی هەر گشتپرسییەك پێویستە حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری لەسەر بدات و گوتیشی: "جیابوونەوە لە بەرژەوەندی كورد نییە".
ئەم قسانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی هات كە لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد.
حەیدەر عەبادی گوتی: "ئەو گشتپرسییە كە بڕیارە برایانی كورد لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، جێبەجێكردنی پڕۆسەكە لە دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ دایە".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "بڕیاری گشتپرسی ئەو دەستكەوتانە لەناو دەبات كە لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوو لە عێراق بەدی هاتووە و ئەنجامدانی هەر گشتپرسییەك دەبێت بە بڕیاری حكوومەتی فیدراڵ بێت چونكە پەرلەمانی كوردستان رووبەڕووی كێشە بووەتەوە و ناڕەزایی لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسییەكە هەیە بۆیە ئەنجامدانی گشتپرسی لە رووی سیاسی و ئابووری و نەتەوەیی لە بەرژەوەندی كورد نییە".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەزەڕ لە باشووری رۆژئاوای مووسڵ كە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هێزەكانی عێراق دەستیان پێكرد، حەیدەر عەبادی گوتی: "بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكە تەنها بەشێكی كەم دەمێنێت كە لەژێر كۆنتڕۆڵی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە".
سەرۆكوەزیرانی عێراق روونیشی كردەوە كە ژمارەی ئاوارەكانی مووسڵ لە میانی ئۆپەراسیۆنەكانی سەربازی بەرز دەبێتەوە بەڵام لە بەرامبەردا خێزانی ئاوارە دەگەڕێنەوە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانیان.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی جیهان، حەیدەر عەبادی دووپاتی كردەوە كە عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی پتەوتر كردووە بەو پێیەی ماوەیەكە بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی سەردانی عێراقییان كردووە.
لەبارەی دۆسیەی ئازادكردنی راوچییە قەتەرییەكان، حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد لەگەڵ ٢٤ راوچییە قەتەرییەکان، هاووڵاتییەكی پاكستانی دوو هاووڵاتی سعوودی ئازاد كراون كە بەر لەوەی بڕفێنرێن بە ڤیزەی فەرمی هاتووبوونە عێراقەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتشی كردەوە كە دیاردەی چەكداریی لە عێراق قەدەغە دەكات.