Azat Muhammet
14 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2017
دهۆک-AA
سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال، سەربەست لەزگین رایگەیاند "هەرچەند حەشدى شەعبى ئاگاداری کردین لەوەى ئۆپەراسیۆنێک بۆ کۆنتڕۆلکردنەوەى شارەدێى قەیرەوانى سەربە شارۆچکەى شنگال دەست پێدەکەن، هەرچەند ئێمە نیگەران بووین، بەڵام حەشدى شەعبى وەڵامێکى ئەوتۆیان نەبوو و، بە بڕیارێکى تاک لایەنانە ئۆپەراسیۆنەکەى دەست پێکرد".
سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال، سەربەست لەزگین لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند بڕیاروابوو بە پێى رێککەوتنى سەربازى نێوان بەغدا و هەولێر ئۆپەراسیۆنێکى هاوبەشى سەربازى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش دەست پێبکەین، بەڵام بە داخەوە حەشدى شەعبى دەستپێشخەرى کرد و بە بێ گوێدان بە رێککەوتن هەڵسا بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازى لە شارەدێى قەیرەوانى سەربە شارۆچکەى شنگال".
لەزگین دەڵێت "وەک حەشدى شەعبى بانگەشەى بۆ دەکات ئەو ئۆپەراسیۆنەى ئەنجامداوە تاوەکو بگەنە سنوورى سووریا، بەڵام لەسەر ئەرزى واقعدا ئەو شوێنەى حەشدى شەعبى تێیدا شەڕ دەکات ٦٠ بۆ ٧٠ کیلۆمەتر دوورى سنوورى سووریایە، ئامانجى سەرەکى حەشدى شەعبى لەو ئۆپەراسیۆنە کردنەوەى رێگەیەکى وشکانى نێوان عێراق و سووریایە لەگەڵ حزبوڵڵا و گرووپە شیعەکانى دیکە، ئەمەیش هەڕەشەیە لەسەر ئەو گوند و ناوچە سنوورییەکانى سووریا".
سەرپەرشتیارى میحوەرى شنگال دەشڵێت "هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک قبووڵى نییە هیچ بستێکى خاکى ھەرێمی کوردستان لەژێر دەستى هیچ هێزێکى دیکەى بیانى بێت، لە ئەگەرى مانەوەى حەشدى شەعبى لەو ناوچە کوردییانەى سنوورى شارۆچکەى شنگال هەڵوێستى خۆمان دەبێت".
حەشدى شەعبى لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەدێى قەیرەوان دەستپێکردووە ناوچەکەى گەمارۆداوە، هێزەکانى پێشمەرگەیش هیچ جموجۆلێکیان نەکردووە، بەڵام لە حاڵەتى ئامادە باشیدان بۆ هەر ئەگەرێک.
ماوەى نزیکەى سێ ساڵە ١٣ گوند و کۆمەڵگەى کوردانى ئیزدى لە شنگال تا ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵى چەکدارانى داعش ماون.