Azat Muhammet
17 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
دهۆک - AA
سوپاسالارى پێشووى عێراق، فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى رایگەیاند "مانەوەی پەکەکە و حەشدى شەعبى لە سنوورى شارۆچکەى شنگال و تەلەعفەر لە بەرژەوەندى هیچ لایەنێکدا نییە، بۆیە پێویستە تا زووە لە ناوچەکە دەرچن".
سوپاسالارى پێشووى عێراق، فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شارۆچکەى تەلەعفەر پێش ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوە بەشێکى زۆرى وێران بووە بە هۆى بۆردومانەکانى حەشدى شەعبى و تەقینەوەکانى چەکدارانى داعش لە ناوەندى شارەکە. لە ئێستاشدا بەشێکى زۆرى سنوورى قەزای تەلەعفەر لەژێر کۆنتڕۆڵى حەشدى شەعبیدایە".
زێبارى دەڵێت "بەشداریکردنی میلیشیاکانى حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر مەترسى شەڕى تایفى و مەزهەبى نێوان پێکهاتەکانى شارۆچکەى تەلەعفەرى لێدەکەوێتەوە، چونکە لە ئێستادا ناکۆکییەکانى نێوان شیعە و سوننەکانى تەلەعفەر قووڵتر بوونەتەوە، دواى بەشدارى حەشدى شەعبى لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەکە ناکۆکى نێوان پێکهاتەکان بۆ قۆناغێکى ئاڵۆز و نەخوازراو تێپەڕ دەبێت".
سوپاسالارى پێشووى عێراق دەشڵێت "بە هۆى بوونى چەندین تێبینى لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدى شەعبى لە مووسڵ و دەورووبەرى لە ئێستادا، هەم خەڵکى تەلەعفەر هەمیش تورکیا ناڕازیین لە بەشداریکردنی حەشدى شەعبى لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر، بۆیە باشتر وایە بەشدار نەبێت، جگە لەمەیش ئەگەر حەشدى شەعبى بەشدار بێت لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش بە هیچ شێوەیەک بەشدار نابن، بەمەیش تەلەعفەر دەبێتە خۆڵەمێشى جەنگەکە".
بابەکر زێبارى رۆلى باشترى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بە جێگرەوەى حەشدى شەعبى دەزانێت لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەلەعفەردا و ئاشکراى دەکات کە سوپاى عێراق و دژە تیرۆر هێزەکانى دیکەى چوارچێوەى وەزارەتى بەرگرى عێراق بەشى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەکە ناکەن، چونکە ژمارەی هێزەکانیان کەمن، بۆیە پشتیان بە حەشدى شەعبى بەستووە، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانان پاڵپشتییەکى ئاسمانى زیاتر بکەن، ئەو کاتە ئەو بۆشاییە سەربازییە پڕ دەبێتەوە کە حەشدى شەعبى دەیگێڕێت".
سوپاسالارى پێشووى عێراق دژایەتى خۆى بۆ مانەوەى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال و سنوورى هەرێمى کوردستان راگەیاند و گوتى: "مانەوەى حەشدى شەعبى و پەکەکە لە شنگال و هەر بستێکى خاکى هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى هیچ لایەنێکدا نییە، بۆیە دەبێت رێز لە ئیرادەى گەلى کوردستان و سەرکردایەتى سیاسى کورد و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بگرن و تەواوى سنوورى شنگال و ناوچەکانى دیکەیش چۆڵ بکەن".
- "هەڕەشەى سەرهەڵدانەوەى شانە نووستووەکان لەسەر مووسڵە"
سوپاسالارى پێشووى عێراق، فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى باس لە مووسڵى دواى داعشی کرد و گوتى: "ئۆپەراسیۆنى سەربازى شارى مووسڵ کۆتاییهات، بەڵام داعش کۆتایی نەهاتووە و لە چەندین گەڕەکى شارەکە خۆیان حەشارداوە و بەداوى دەرفەت و هەلى دەستوەشاندن دەگەڕێن، بۆیە پێش هەموو شتێک ئێستاى مووسڵ پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە مەترسى سەرهەڵدانەوەى شانە نووستووەکانى داعش لە ئارادایە".
گوتیشى: "مووسڵ پێویستى بە چاودێرى چڕى هێزە ئەمنییەکان هەیە، چونکە لە ئێستاشدا چەندین خێزانى داعش لە مووسڵ لەژێر ناوى هاووڵاتى سڤیلى لە شارەکە ماون، ئەمانەیش هەڕەشەن و دەبێت پشکنینى زیاتر بۆ ماڵ بە ماڵ و خێزان بە خێزانى شارەکە بکریت، تەنانەت ئەگەرى ئەوەیش هەیە داعش لەناو تونێلەکانیشدا مابن لەبەرەى راستى مووسڵ".
- "ریفراندۆم مافێکى رەواى گەلى کوردە"
زێبارى باس لە پڕۆسەى ئەنجامدانى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت "ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان دەبێتە کارتێکى بەهێز بە دەست سەرکردایەتى سیاسى هەرێم و گەلى کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە بۆ ئەوەى هەموو وڵاتە زڵهێزەکان باوەڕ بەوە بهێنن کە خەڵکى هەرێمى کوردستان سەربەخۆییان دەوێت".
دەشڵێت "ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەما و رەهەندە سیاسى و دیموکراسییەکانە هاوشێوەى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا، جگە لەمەیش ئاشکرایە کە لە هەرێمى کوردستان مافى مرۆڤ پارێزراوە و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بە تەبایی لەو هەرێمە دەژین بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک".