Cemal Sargati
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2017
سلێمانى-AA
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید:
-"حكوومەتی عێراق ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە رۆژێكدا گەیاندووەتە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت و لەسەر ئاستی ناوخۆش بەبڕی 600 هەزار بەرمیل، نەوت بەرهەم دەهێنێت".
-"لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە سكاڵا لەسەر حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی تۆمار دەكەین".
بڕیاردەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە كێشەكانی بوودجە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتی عێراق و هۆكارەکانی نەناردنی بەشە بوودجەی هەرێم، هەروەها بارودۆخی دارایی و ئابووری و سیاسی عێراق و جەنگی داعش دەكات.
ئەحمەد حاجی رەشید لە بارەی بەشە بوودجەی هەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق گوتی: "بەپێی یاسای بوودجەی عێراق كە دیاریكراوە، دەبێت هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند پابەند بن پێوەی ئەوەیە كە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، ئەوا حكوومەتی ناوەند ئامادەیە 17 لەسەدی بوودجە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ پابەندبوونێكی ئەو یاسایە جێبەجێ نەكراوە، ئەوا حكوومەتی ناوەند هیچ بڕە پارەیەك نانێرێت بۆ هەرێمی كوردستان".
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی عێراق (خاوەنی سێ كورسییە)، ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەشی گوت "وەك فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە سكاڵا لەسەر حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی تۆمار دەكەین، چونكە دۆسیەی پێشمەرگە لە ئێستادا نەك بەناوی كوردەوە بەڵكو بەناوی هەموو عێراقەوە لەدژی داعش شەڕ دەكات و، پێشمەرگە بووەتە سەمامی ئەمان بۆ پاراستنی هەندێك لە شوێنەكانی عێراق بەتایبەتی لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی مووسڵ بەشداری كاریگەری هەبووە و پێویستە بوودجە و مووچەی پێشمەرگە بنێردرێت".
ئەو لە بارەی دۆخی دارایی عێراقەوە گوتی: "لەبەرئەوەی حكوومەتی عێراق توانای باشی هەیە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە ئێستادا توانیویەتی رێژەی هەناردەکردنیی نەوت بەرز بكاتەوە بۆ نزیكەی 3 ملیۆن 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها بەرهەمهێنانی ناوخۆی لە ئێستادا 600 هەزار بەرمیلە و حكوومەت بەنیازە چاكسازی لەم بوارەدا بكات، جگە لەوەی دەیەوێت گۆڕانكاری لە گومرگدا بكات، بەوەش ئەندازەیەك گۆڕانكاری دروست دەبێت. حكوومەتی عێراق توانیویەتی گومرگی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 50 لەسەدا كەم بكاتەوە و زۆربەی گومرگەكانی گەڕاندووەتەوە بۆ لای خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵیەكی زۆر هەیە لە بواری گومرگی لە عێراقدا".
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بەنیگەرانیەوە باس لە دۆخی سیاسی عێراق دەكات و دەڵێت "بارودۆخی سیاسی عێراق دۆخێكی ناجێگرە ، بەوەی عێراق نەیتوانیوە ئەوەی لە دەستووردا جێگیر كراوە بەتایبەت ماددەی 105ی دەستوور كە باس لە هاوسەنگی دەكات لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق بپارێزرێت، تائێستاش حكوومەتی ناوەند شكستی هێناوە لە پێكهێنانی هاوسەنگی لایەنەكان، ئەوەی بەسەر سوننەكاندا هاتووە ژێرخانی ئابووری هەموو پارێزگا سوننیەكان لەناو براون و ئێستا سوننەكان زۆربەیان ئاوارەن لە وڵاتان، ئایا ئەمە قبووڵ دەكرێت لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە؟ یان ئەو ئاوارانە بەو شێوەیە دەمێننەوە؟ یاخود پەنا دەبەنە بەر رێگاچارەی تر، گرفتێكی تر ئەوەیە كە سوننەكان كۆمەڵێك هێزی پەرتەوازەن كە تا ئێستا بڕیاردەرێكیان نییە بتوانێت ئەو هێزانە كۆبكاتەوە، هەروەها بەهۆی بوونی بڕیاردەرێك هێزە شیعەكان توانیویانە یەكڕیزی نێوانیان بپارێزرێت".
لەبارەی شەڕی داعشیشەوە ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت "شەڕی داعش لە قۆناغەكانی كۆتایی دایە چونكە داعش نامەیەك بوو بۆ عێراقییەكان بەسەرجەم پێكهاتەكانەوە، ئێستاش ئەو نامەیە كۆتایی هات و داعشیش لە كۆتایی تەمەنی دایە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین كە عێراق لەدوای داعش چی لێ دێت، بەوەی ئایا هێزە عێراقییەكان دەتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن یان نا، ئەمەش كەمێك ئەستەمە. هەروەها شیعەكانیش لە خەونی تۆڵەسەندنەوەدان، بۆیە بەبڕوای من ئەستەمە سەرجەم هێزە عێراقییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن".